رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی برینداران لە کۆبانێ، لە بووڵتەنی "نووڕۆژ"ی رووداودا، کە لەلایەن نالین حەسەنەوە پێشکێش دەکرێت، باسی دوایین دۆخی قوربانییانی رووداوی سووتانی گرتووخانەی کۆبانێی کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 9 کەس گیانیان لەدەست داوە و مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانی 7 بریندار هەیە.
د. مزگین موڕشید، سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی برینداران لە کۆبانێ، سەبارەت بە دۆخی نەخۆشەکان رایگەیاند، دەرفەتەکانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی سووتانی قورس زۆر کەمن و گوتی: "ئێستا 7 بریندار هەن کە ژیانیان لە مەترسیدایە. مەترسیی سەر ژیانی نەخۆشەکان راستەوخۆ پەیوەندی بە رێژەی سووتانەکەیانەوە هەیە؛ واتە کاتێک رێژەی سووتانی لەش %50 بێت، ئەگەری مردنیش %50یە."
دۆخی برینداران لە نەخۆشخانەکاندا
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرپەرشتیاری تەندروستی، تاوەکو ئێستا 5 بۆ 6 بریندار کە دۆخیان سووک بووە، بۆ ماڵەکانیان نێردراونەتەوە، بەڵام سێ بریندار کە دۆخیان قورسە لە کۆبانێ ماونەتەوە: "ئێستا لە نەخۆشخانەکانی کۆبانێ، ئەڵمانی و ئەسەل نەخۆش هەن. تەنیا بریندارێک لە نەخۆشخانەی ئەسەل بە ئامێری هەناسەدانەوە بەستراوەتەوە؛ دۆخی باش نییە و تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە."
د. مزگین ئەوەیشی خستەڕوو، بەهۆی قورسیی برینەکانەوە، چەند نەخۆشێک بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی کۆبانێ رەوانە کراون: "بە خۆم دوو نەخۆشم کە دۆخیان قورس بوو ناردن بۆ نەخۆشخانەکانی حەلەب. سووتانەکەیان پلە دوو و پلە سێ بوو و نزیکەی %50ی لەشیان سووتابوو. لە شوێنەکانی دیکەیشەوە نەخۆش نێردراون، بەڵام ژمارەیان لە لای من دیار نییە."
"لە ترسی دەستبەسەرکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، هەندێک بنەماڵە بریندارەکانیان لە نەخۆشخانە دەرکردووە و بۆ ماڵەوەیان بردوون، سەرەڕای ئەوەی پێویستییان بە چاودێریی پزیشکی هەبووە". د. مزگین رەشید وای گوت.
ناسنامەی قوربانییان و شوێنەوارەکانی ئەشکەنجە
سەبارەت بە کۆی گشتیی ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و هۆکاری مردنیان، د. مزگین گوتی: "تاوەکو ئێستا 9 شەهید هەن. لە رۆژی یەکەمدا بنەماڵەیەک هات و تەرمی شەهیدەکەی خۆی برد؛ دڵیان سووتابوو و نەمانتوانی رێگرییان لێ بکەین. لەو کەسانەی شەهید بوون، رێژەی سووتانی دوو کەسیان %100 بوو. زۆرینەی برینەکان لە دەموچاو، هەردوو شان و قاچەکاندا بوون و لە جۆری پلە دوو و پلە سێ بوون. بەڵام من بە خۆم هیچ شوێنەوارێکی ئەشکەنجەم لەسەر نەبینین و ناسنامەی %95یان دیارە."
تەمەنی زۆرینەی قوربانییان و برینداران سەرووی 20 ساڵە و گەورەترین کەس لە نێویاندا 35 ساڵ تەمەنیەتی.
"لە کۆبانێ ناوەندی سووتان نییە"
د. مزگین موڕشید باسی لەوە کرد، لە کۆبانێ هیچ ناوەندێکی تایبەت بە سووتان نییە و گوتی: "دەرفەتەکانی چارەسەرکردنی سەرەتایی لە لای ئێمە هەن، بەڵام ناوەندێکی تایبەت بە سووتان نییە. بەم دەرفەتەی لەبەردەست هەیە، تەنیا دەتوانین بۆ چەند رۆژێک خۆ رابگرین. لە سەرانسەری سووریاشدا تەنیا دوو ناوەندی پزیشکیی تایبەتمەند بە سووتان هەن، ئەوانیش لە حەلەب و دیمەشقن، کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوە دەبرێن."
د. مزگین ئاماژەی بەوەیش کرد، پزیشکانی کۆبانێ هیچ کەموکوڕییەکیان نەکردووە و هەموویان بۆ چارەسەرکردن و بەهاناچوونی قوربانییان ئامادە بوون.


