رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرانی پەروەردەی خوێندنی کوردی و عەرەبی لە خورماتوو دەڵێن، سکاڵا لەسەر گوتنەوەی سروودی (ئەی رەقیب) و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان تۆمارنەکراوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدینیش دەڵێ، لەگەڵ قایمقام رێککەوتوون دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.
یاسین محەممەد عەلی داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری سەلاحەدین، ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ قایمقامی قەزای خورماتوو قسەمان کردووە و رێککەوتووین لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە. هیچ سکاڵایەک تۆمار ناکرێ".
رۆژی یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، لە رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا لە قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین، بەهۆی گوتنەوەی سروودی (ئەی رەقیب) و هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە لەلایەن قوتابییانەوە، قایمقامی قەزاکە شوێنەکەی جێهێشت و هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای کرد.
تارا جەلال داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کە لە رێوڕەسمەکەی دوێنێی قوتابخانەکەی خورماتوو ئامادەبوو، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاڵای کوردستان هەڵنەکرا، بەڵکو بەدەست قوتابییەکانەوە بوو، هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو پرسە دەدەین".
ئاریان سابیر، بەرێوەبەری پەروەردەی عەرەبی و تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە خورماتوو ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: " هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە". بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە خورماتوو گوتی: "دۆخەکە ئاساییە، هیچ گرفتێک نییە و سکاڵا تۆمارنەکراوە".
رووداوەکە لە قوتابخانەی (مەولەوی) لە قەزای خورماتوو روویدا. دوێنێ مامۆستا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قایمقامی خورماتوو بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی گوت کە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆماردەکات. بەڕێوەبەری پەروەردەی عەرەبیش ئاگاداری کردەوە کە دەبێت سبەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بکات بۆ لێپرسینەوە."
زەینەب عادل، بەڕێوەبەری قوتابخانەی (مەولەوی) لە خورماتوو، بە رووداوی گوت: "جێگرەکەی من کە کوردە سروودی نیشتمانی لێداوە، ئەوەش کارێکی نایاسایی نەبووە و بەپێی دەستوور مافی خۆیەتی. قوتابییەکانیش خۆیان بە دەستی خۆیان ئاڵای کوردستانیان هێنابوو و ئێمە لەسەر بیناکە هەڵماننەکردبوو، لە کاتێکدا ئاڵای عێراقیش لە قوتابخانەکە هەبوو."
بەڕێوەبەری قوتابخانەی مەولەوی گوتیشی: "ئێمە لە خورماتوو جیاوازی لەنێوان نەتەوەکاندا ناکەین. قوتابخانە شوێنی جیاکاریی نەتەوەیی نییە، بەڵکو شوێنی پەروەردەیە."
زەینەب عادل لەبارەی هەڵوێستی قایمقامەوە گوتی: "کاتێک قایمقام هات، گوێی لە سروودی کوردی بوو، تەنانەت چاوەڕێشی نەکرد سروودەکە تەواو بێت یان بیگۆڕین و دەستبەجێ گوتی 'ئەمە قبووڵکراو نییە' و قوتابخانەکەی جێهێشت."
.jpeg&w=3840&q=75)


