رووداو دیجیتاڵ
لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، گەنجێکی 18 ساڵان بە چەک پەلاماری ماڵی دایکی دەدات و لە خەودا دایکی و خوشکەکەی دەکوژێت؛ تاوەکو ئێستاش بکوژ دەستگیر نەکراوە و هەڵاتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی پەردیسی شاری کرماشان، کوڕێکی 18 ساڵان بە ناوی (ئەمیرعەلی شەهبازی) بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە، دایکی بە ناوی (فاتمە لوتفی، تەمەن 46 ساڵ) و خوشکێکی بە ناوی (زەهرا شەهبازی، تەمەن 26 ساڵ) کوشتووە."
سەبارەت بە چۆنیەتیی رووداوەکە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمیرعەلی بەرەبەیان چووەتە سەر ماڵی دایکی و لە کاتێکدا دایکی لە خەودا بووە، تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی؛ خوشکەکەشی کە هەوڵیداوە بەرگری لە دایکی بکات و رێگری لێ بکات، تەقەی لێ کردووە و ئەویش دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە."
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی رووداو، ماوەیەکە لەنێوان ئەو خێزانەدا ناکۆکی هەبووە و پێشتریش چەندین جار بەهۆی ئەو کێشانەوە روویان لە دادگە کردووە و سکاڵایان تۆمار کردووە.
بکوژ دوای تاوانەکە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە و هێزە ئەمنییەکانی شارەکە بە دوایدا دەگەڕێن، لێکۆڵینەوەش لە دۆسیەکە بەردەوامە.



