رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ئەمڕۆ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی شایستە داراییەکان لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 و جێگریکردنی کۆدەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەرێم کەمال ئاغا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکە دوای کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ و لەسەر ئەو پرسانە دەبێ کە هێشتا عێراق و کوردستان لەسەری نەگەیشتوونەتە ئەنجام."
سەبارەت بە تەوەری گفتوگۆکان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە لەبارەی: "رێژەی هەژمارکردنی سەرژمێری لە پشکی هەرێمی کوردستان، پرسی مووچە، نەوت و داهاتی نانەوتی دەبێت تاوەکو ئەم بابەتانە یەکلایی بکرێنەوە، هەروەها هەموو ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 جێگیر بکرێت."
هەر ئەمڕۆ دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاندبوو: "تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەکراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن. عێراق داوا دەکات داهاتی باج و گومرگ بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام هەرێمی کوردستان رازی نییە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی روونیکردەوە: "هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکی لە بودجەدا 14.14٪ بێت، ئەمەش لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێریی گشتی کە ئەنجامدراوە، بەڵام حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە و پشکی هەرێمی کوردستانی بە 12.7٪ دیاری کردووە."
پێکهاتەی شاندی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ لە بەغدا دوای ئەوە دێن، دوێنێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی دانوستاندنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە پابەندییەکان و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، رۆژی چوارشەممە 07-10-2026، شاندێکی باڵای دانوستاندکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات."
بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت، شاندەکە پێکهاتووە لە: ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
رۆژی 20-08-2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنەی داهات و خەرجییەکان، کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2027 راگەیاند و پڕۆژەکەی بە هەردوو شێوازی کاخەزی و ئەلیکترۆنی رەوانەی بەغدا کرد.




