رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندێکی خەڵکی بۆکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە فێستیڤاڵێکی وێنەگریدا لە ئیمارات خەڵاتێکی بەدەستهێنا و چوار بەرهەمی دیکەشی پەسندکران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-10-2026، شێرکۆ مام ئاغا، وێنەگری شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رکابەریی وێنەگریی (نێکسس 2026)ـدا کە لە ئیمارات بەڕێوەچوو، وێنەیەکی لە بەشی ژینگەدا خەڵاتی بەدەستهێنا.
بەگوتەی شێرکۆ مام ئاغا، جیا لەو وێنەیەی خەڵاتی بردووەتەوە، چوار بەرهەمی دیکەشی لەلایەن دەستەی نێوبژیوانانی رکابەرییەکەوە، لە سێ بەشی جیاوازدا پەسندکراون.
سەبارەت بە بەرهەمە پەسەندکراوەکانی لە رکابەرییەکەدا، ئەو هونەرمەندە کوردە گوتی: بەرهەمی (Hope) لە بەشی هونەرە جوانەکان، بەرهەمی (Mountain Sunflower) لە بەشی پۆرترێت، هەروەها دوو بەرهەمی دیکەی بە ناوەکانی (Warm Shelter) و (Children of the Mountain) لە بەشی دۆکیۆمێنتاریدا پەسندکراون.
وەک شێرکۆ مام ئاغا دەڵێت، رکابەرییەکە لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوەچووە و چوار هەزار و 800 وێنە لەلایەن 800 وێنەگری 83 وڵاتەوە نمایش کراون و کارەکان بە وردی لەلایەن نێوبژیوانانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە.
29ـی ئابی ئەم ساڵیش شێرکۆ لە رکابەریی نێودەوڵەتیی وێنەگری ( IPA)ـدا کە لە ئەمریکا بەڕێوەچووە، لە چوار بواری جیادا خەڵات کرا.
ئەم هونەرمەندە کوردە لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە و تاوەکو ئێستا وێنەکانی لە چەندین رکابەریی جیهانی، ناوچەیی و نێوخۆییدا خەڵات کراون.

