رووداو دیجیتاڵ دەزگەی روانگە پڕۆژەیەکی نۆژەنکردنەوەی لە پارکی پێشمەرگە جێبەجێ کرد، کە رووبەری زیاتر لە شەش هەزار مەتر دووجا دەگرێتەوە، بە مەبەستی رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو و سەلامەتتر بۆ وەرزشکاران و خێزانەکانی ناوچەکە. پرۆژەکە نۆژەنکردنەوەی زیاتر لە چوار هەزار و 700 مەتر دووجا رێڕۆی راکردن و هەزار و 500 مەتر دووجا رووبەری یاریگەی منداڵان لەخۆدەگرێت. رووبەری پرۆژەکە بە ماددە و کەرەستەی پێشکەوتوو و بەپێی پێوەرە جیهانییەکان دروستکراوەتەوە. حەسەن شێخ عەلائەدین، نوێنەری دەزگەی روانگە لە لێدوانێکدا تایبەت رووداوی راگەیاند: "ئەم پارکە لە رابردوودا زۆرترین سەردانیکاری هەبووە، بەڵام تەواوی شوێنە وەرزشییەکەی گەشتبووە ئاستی لەناوچوون. سەرەنجام داواکاری بەردەوامی خەڵکی ناوچەکە وایکرد بڕیاری نۆژەنکردنەوەی تەواوەتی شوێنەکە بدەین." هاوکات دانیشتووانی ناوچەکە دەستخۆشی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکەن. سۆزان کابانی ماڵەوەیە و دانیشتووی ناوچەکەیە، ئاماژەی بە خۆشحاڵی خۆی کرد و بە رووداوی گووت: "ئەم پڕۆژەیە بەڕاستی یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ خەڵکی ناوچەکە. سوپاسێکی زۆری دەزگەی روانگە دەکەین بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە." ئەم نوژەنکردنەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەزگەی روانگەدایە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە گشتییەکان و خزمەتکردنی خێزان و وەرزشکاران لە هەرێمی کوردستان.
کوردستان08-10-2026وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان: بەهۆی چاکسازییەکانی دانەگازەوە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمدەبێتەوە