رووداو دیجیتاڵ شەوی پێنجشەممە، 20-06-2024، هێرشێکی درۆنی، دانیشتووانی تۆپزاوەی لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆقاند، کە تێیدا بارەگای سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانی کرایە ئامانج. دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە. رووداوەکە کاژێر 10:00ـی شەو بوو، کاتێک بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگای سازمانی خەبات لە تۆپزاوە. هاونیشتمانییانی سڤیلی نزیک بارەگاکە دەڵێن، لەگەڵ هەر بۆردوومانێکدا زیانیان بەردەکەوێت و کەس قەرەبوویان ناکاتەوە. نەزمی سەعدی، کە بەرێوەبەری قوتابخانەیە و دەڵێت، "لەگەڵ هەر بۆردوومانێکدا زیانمان بەردەکەوێت و کەس قەرەبوومان ناکاتەوە." لە ترسی دووبارەبوونەوەی هێرشەکان، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەیان بەهۆی دۆخی تەندروستییانەوە ناچارن لە ماڵەکانیان بمێننەوە. فەریدە محەممەد، یەکێک لە دانیشتووان ئەو شوێنەیە و بە رووداوی گوت، بەهۆی تەندروستیی ناجێگیریەوە ناتوانێت ماڵەکەی جێبهێڵێت و ناچارە "لەناو ئەو مەترسییەدا بمێنێتەوە." دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە."