رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 11 کۆچبەری دیکەی کورد کە لە لیبیا گیریان خواردبوو، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 09-10-2026 رایگەیاند: "دوای گەیشتنیان بە سەلامەتی، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەنجەکانی بە سەلامەتی رادەستی خێزانەکانیان کردەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 11 کۆچبەری دیکە لە وڵاتی لیبیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. پێشتریش لە رێگەی هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، 33 گەنج و دواتریش 3 گەنجی دیکە بە سەلامەتی هێندرانەوە، کە زۆربەیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون".
ناوەندی هاوئاهەنگی قەیرانەکان دەڵێ، دوای گەیشتنیان و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی لە فڕۆکەخانە، ئەو 11 گەنجە رادەستی خێزانەکانیان کرانەوە؛ هاوکات هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی 10 گەنجی دیکەی بێسەروشوێنی دەڤەری راپەڕین بەردەوامن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "بەهۆی ئەو رێکارانەی لە ماوەی رابردوودا گرتوویانەتە بەر، رێژەی کۆچی نایاسایی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە".
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا 04-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هەوڵ و کۆششەکانیان توانیویانە 11 کۆچبەر کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە دەستی تۆڕەکانی قاچاخچییەتی و بازرگانی بە مرۆڤ رزگار بکەن، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو لیبیا.
رۆژی سێشەممە 22-09-2026، رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا بە رووداوی گوت، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست لە مانگی ئاب ژێرئاو کەوتووە و دەرکەوتووە لە نێویدا 18 کەس خنکاون و زۆرینەیان کوردن، کەسوکاری کۆچبەرە کوردەکان رەتیان کردەوە و رایانگەیاند، هیچ زانیارییەکی فەرمییان لەبارەی ئەو هەواڵەوە پێ نەگەیشتووە.
وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی هەواڵی ئەو کۆچبەرانەوە کە دەنگۆی گیانلەدەستدانیان بڵاو بووەتەوە رایگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەموو هەوڵ و توانایەکیان بۆ دۆزینەوە و سۆراخی 10 هاونیشتمانیی دیکەی راپەڕین چڕ کردووەتەوە کە ماوەیەکە بێسەروشوێنن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە".
رۆژی سێشەممە 08-09-2026 گرووپێک گەنجی کورد کە 33 کەس بوون و لە لیبیا دەستگیر کرابوون، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. دوای ماوەیەک و لە رۆژی هەینی 25-09-2026، 3 گەنجی دیکەی هەمان گرووپ گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان، زۆرینەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون لە پارێزگای سلێمانی.
بەهۆی هەبوونی گرووپی چەکداری جیاوازەوە، لیبیا بە شوێنێکی مەترسیدار دادەنرێت و چەندین جار هۆشداری بە هاونیشتمانییان دراوە، ئەو رێگەیە بۆ چوونە ئەورووپا بەکار نەهێنن.



