رووداو دیجیتاڵ
دەرهێنەری ناوداری کورد مانۆ خەلیل لە تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرای کرد، ئامادەکاری دەکات بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی سینەمایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبارەی کارەساتی مێژوویی سووتانی "سینەمای عاموودێ" لە رۆژئاوای کوردستان؛ هاوکات داوای پاڵپشتی لە کارساز و دامەزراوە کوردییەکان دەکات.
مانۆ خەلیل کە میوانی بووڵتنی کاژێر 19:00ی رووداو بوو، تیشکی خستە سەر وردەکاریی پڕۆژە نوێیەکەی و گرنگیی بەدۆکیۆمێنتکردنی مێژووی نەتەوەیی کورد.
لە کارەساتی سووتانی سینەمای عاموودێدا، کە لە 13ی تشرینی دووەمی 1960 روویدا، 283 منداڵی کورد لەنێو ئاگردا گیانیان لەدەستدا.
مانۆ خەلیل گوتی: "35 ساڵە لە بواری سینەمادا کار دەکەم و لەسەر باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستان فیلمم دروستکردووە. بەڵام وەک دەرهێنەرێکی خەڵکی رۆژئاڤا، ئەم کارەساتە برینێکی زۆر قووڵە. لەو رووداوەدا تەنیا ئاگرکەوتنەوە نەبوو، بەڵکو نەوەیەکی منداڵانی کوردیان سووتاند؛ منداڵەکانیان وەک بەرخ خستە نێو هۆڵێک و دەرگەیان لەسەر داخستن. پێیان گوتبوون فیلمەکە بۆ پاڵپشتیی جەزائیرە، بەڵام منداڵەکانمان بوونە قوربانی."
ئەو دەرهێنەرە کوردە ئاماژەی بەوەکرد، ئەم کارەساتە سەرەتایەک بوو بۆ پرۆسەکانی سەرژمێریی تایبەتی ساڵی 1962، پڕۆژەی شۆڤێنیی "پشتێنەی عەرەبی" و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە.
مانۆ خەلیل جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی لە دروستکردنی ئەم فیلمە تۆڵەسەندنەوە نییە، بەڵکو گەیاندنی دەنگی ستەمدیدەی گەلی کوردە بە جیهان: "ئەگەر مێژووی خۆمان لەبیر بکەین، ئاییندەشمان لەدەست دەدەین. چۆن لە جیهاندا رووداوێکی لەم شێوەیە دەبێتە تراژیدیایەکی نیشتمانی، دەبێت ئەم کارەساتەی کوردیش لە رێگەی زمانی سینەماوە بە جیهان بناسێندرێت."
"پێویستی بە بودجەیەکی گەورە هەیە"
سەبارەت بە تێچووی فیلمەکە، دەرهێنەر روونیکردەوە کە بەرهەمهێنانی فیلمێکی مێژوویی پەیوەست بە ساڵانی شەستەکان تێچووی زۆری دەوێت: "بۆ ئەوەی فیلمێکی پرۆفیشناڵ بەرهەمبهێنین کە بگاتە فێستیڤاڵ و هۆڵەکانی سینەمای جیهان، پێویستمان بە چەندین ملیۆن دۆلارە. ئامادەکردنی تراکتۆر، ئۆتۆمبێل، ماتۆڕسکیل و جلوبەرگی ئەو سەردەمە کارێکی ئاسان نییە. کۆمپانیای فرێیم فیلم (Frame Film) لە سویسرا بەشێکی تێچووەکە لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام بە تەنیا توانای دابینکردنی تەواوی بودجەکەمان نییە."
مانۆ خەلیل داوای لە بازرگانان، دەسەڵاتداران و ناوەندە فەرمییەکانی کوردستان کرد کە گرنگی بە هونەر بدەن و گوتی: "لە کاتی فیلمی دراوسێکان (Cîran) سەردانی رۆژئاڤا و باشووری کوردستانم کرد، بەڵام بەداخەوە کەس پاڵپشتی نەکردین. ئەمە پڕۆژەیەکی شەخسی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی نەتەوەییە."
ئەو دەرهێنەرە کوردە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کارە تەکنیکییەکانی نوێترین فیلمی بە ناوی "کێلی" کۆتایی هاتووە و ئێستا تەواوی سەرنجی لەسەر ئامادەکارییەکانی فیلمی "سووتانی سینەمای عاموودێ"ـیە.
مانۆ خەلیل کێیە؟
مانۆ خەلیل، لە دایکبووی ساڵی 1964ـی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە. لە نێوان ساڵانی 1986 بۆ 1993 لە چیکۆسلۆڤاکیا مێژوو و دەرهێنانی سینەمای خوێندووە.
زیاتر لە دوو دەیەیە لە سویسرا دەژی و خاوەنی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی "فڕێیم فیلم"ـە. تاوەکو ئێستا چەندین فیلمی سینەمایی و دۆکیۆمێنتاریی بەرهەمهێناوە، لە دیارترینیان: (باخچەی باوکم، داڤید تۆفیک، هەنگەوانەکە، تەمریک، ئەنفال و جیران).
لە ساڵی 2021 فیلمی "Cîran"ـی نمایش کرد کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیهانیی هەبوو و لە دەیان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداری کرد و زیاتر لە 40 خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا.


