رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر. بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ، کەمپێکی ئەوان کراوەتە ئامانج کە پێشتر چۆڵ کراوە و زیانی گیانی نییە.
ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 12:05ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 12-10-2026، بە درۆنێکی شاهید 136ـی ئێران هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی، کە پێشتر کەسوکاری پێشمەرگەکانی تێدا نیشتەجێ بوو."
زیبایی کە هاوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکایە لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: "کاژێر 12:25ی نیوەڕۆ بە دووەم درۆن هێرش کرایەوە سەر کەمپەکە".
لەبارەی زیانەکانەوە ئەو بەرپرسەی حدکا گوتی: "بەگوێرەی ئەوەی پێشتر شوێنەکە چۆڵکراوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. ئێران بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ ئەو هێرشانە دەکات".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا بە زیاتر لە هەزار درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەست داوە و 156 کەسیش بریندار بوون.

