رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کارگێڕیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک لە دژی بەقەزاکردنی گوڵاڵە و جیاکردنەوەی لە خانەقین، داوای روونکردنەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە، کە لەسەر چ بنەمایەک ئەو بڕیارەیان داوە.
ئەو داواکارییەی دادگەی کارگێڕی لە دانیشتنێکی دادگەدا بووە، کە رۆژی 12ی تشرینی یەکەمی 2026 کراوە، لەسەر بنەمای سکاڵای هاووڵاتییەکی قەزای خانەقین لە دژی بە قەزاکردنی گوڵاڵە و جیاکردنەوەی لە خانەقین.
ئەحمەد عیماد سەعدی، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دادگە نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە بۆ ئەوەی بزانێت لەسەر چ بنەمایەک بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵەیان داوە.
19ی شوباتی ئەم ساڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵەى پەسند کرد، لەکاتێکدا ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە ساڵی 2024 ئەو بڕیارەی دەرکردبوو و ناحیەکەیان لە قەزای خانەقین جیاکردبووەوە.
ئەحمەد عیماد سەعدی گوتی، دانیشتنەکە لەلایەن دادوەرەوە دواخرا بۆ 2ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، داواش لە فەرمانگەکانی گوڵاڵە کراوە زانیارییان پێ بدەن لەسەر ئەو کەسەی کە سکاڵای تۆمار کردووە، کە ئایا دانیشتووی گوڵاڵەیە.
یەکەم دانیشتنی دادگە لە بارەی سکاڵاکە لە 24ی ئایاری ئەم ساڵ کرا، بەڵام دواخرا بۆ 13ی ئاب بۆ بڕیاردان، دواتر جارێکی دیکە دواخرایەوە بۆ 23ی ئەیلوول، پاشانیش بۆ 12ی تشرینی یەکەم.



