رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، داوایەکی گرووپە چەکدارەکانی شنگال رەتکراوەتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دۆخی سەربازییان بکەن. ئاشکراشی کرد، تاوەکو ئێستا 1500 چەکداریان تێکەڵ کراون. 10 رۆژیش دیاریکراوە بۆ دەستنیشانکردنی قایمقامی قەزاکە. وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هۆشداری دا لە مەترسییەکانی قۆناخی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان و دەڵێت: "ئایدۆلۆژیای تووندڕۆیی هێشتا لە عێراقدا هەیە و دۆخەکە گونجاوە بۆ گەڕانەوەی تووندڕۆکان"
ئەو گوتانەی دوو بەرپرسەکەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە پانێڵێکی دووەم رۆژی دیداری مێری بوو کە سێشەممە 13ی تشرینی یەکەم لە هەولێر بەڕێوەچوو.
هاوپەیمانان تەکنەلۆژیای چاودێرییان لەگەڵ خۆیان بردووە
قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەی زۆریان کردووە لەبارەی ئاستی ئامادەییی هێزە ئەمنییەکان لەدوای کشانەوەی هاوپەیمانان و ئامادەیی باش هەیە بەتایبەت بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک، ئەگەر دروست ببێت.
لە 30ی ئەیلوولەوە هاوپەیمانان لە عێراق کشانەوە، ئەوەش لەدوای 12 ساڵ لە هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
قاسم عەبوودی گوتی: "لێتان ناشارمەوە کە بۆشاییەک هەیە، چونکە ئەو تەکنەلۆژیایەی هاوپەیمانان هەیانبوو ئێستا بەداخەوە نیمانە. هەندێک لە تواناکانی هاوپەیمانان لە چاودێری و رووماڵکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچە دوورەدەستەکان تاوەکو ئێستا لەبەردەست هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا نییە و کارمان لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کردووە."
سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن کارمەند و شەڕکەریان هەیە کە چاوەڕێ دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کشانەوەی هاوپەیمانان دووچاری ئاڵنگاریی گەورە ببنەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق پێشنیازی بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کردووە کە سندووقێک بۆ هاوکاریکردنی عێراق و سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان دابنێت و هەندێک لە وڵاتانیش خواستی خۆیان بۆ بەخشین بەو سندووقە دەربڕیوە.
داعشە بەندکراوەکان، بارێکی قورسە
قاسم عەبوودی رایگەیاند، عێراق بارێکی قورسی شەڕی داعشی لە ئەستۆ گرتووە، بەتایبەت گواستنەوەی نزیکەی پێنج هەزار چەکداری ئەو گرووپە لە سووریاوە لەکاتێکدا کێشەی قەرەباڵخیی گرتووخانەکانیان هەیە.
بە گوتەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، داوای هاوکارییان کردبوو لەبارەی گرتووخانەکانەوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە پڕۆژەی نوێی دروستکردنی گرتووخانە تەواو بکەن.
دادگاییکردنی چەکدارانی داعش لە عێراق یەکێکی دیکەیە لەو ئەرکانەی کە لەسەر شانی حکومەتی فیدراڵییە.
قاسم عەبوودی رایگەیاند، یاسای تاوانی نێودەوڵەتییان پێشنیاز کردووە و لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، گوتیشی: "بەگوێرەی ئەو یاسایە دەتوانرێت هەر کەسێک دادگایی بکرێت، تەنانەت ئەگەر تاوانەکەشی لەسەر خاکی عێراق یان لە دژی عێراقییەکان نەکردبێت، لەو تاوانانەی کە دەچنە چوارچێوەی تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی."
کۆپییەکی دیکەی داعش
قاسم عەبوودی رایگەیاند، داعش لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو چالاکە و شانەی نووستووی هەیە، جووڵەی دیکەی ناداعشیش هەیە کە بە پێشبینیی ئەو دەرفەتیان دەبێت ببنە کۆپییەکی دیکەی داعش و بە وردی چاودێرییان دەکەن.
لە 2017ەوە عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند، بەڵام جاربەجار پاشماوەکانی لەو ناوچانەدا چالاکن کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەو پانێڵەدا رایگەیاند، کاریگەریی داعش وەک پێشوو نەماوە، بەڵام هێشتا بەر لە 2014 بەهێزترە و داعش کۆتایی نەهاتووە، ئایدۆلۆژیای تووندڕەوی هێشتا لە عێراقدا هەیە و دۆخەکە گونجاوە بۆ گەڕانەوەی تووندڕەوەکان، ئەگەر حکومەتەکانی عێراق توانای خۆیان باش نەکەن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و رێزگرتن لە جیاوازییە پێکهاتەییەکان.
رێبەر ئەحمەد گوتی: "دۆخی ئێستا جیاوازە لە ساڵی 2014 بەڵام بەدڵنیاییەوە هێشتا دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لە عێراق پێویستیان بە پاڵپشتیی هاوپەیمانانە، بەتایبەت لە سایەی ئاڵنگارییە ئەمنییە جیاوازەکان؛ نەک بەتەنیا داعش، بەڵکوو تاوانى سنووربڕ و رێکخراوەکان و ماددەی هۆشبەر. یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکان کە رووبەڕووی دامەزراوە ئەمنییەکان دەبێتەوە ماددەی هۆشبەرە و کاریگەرییەکەی لە کاریگەریی تیرۆر لەسەر کۆمەڵگە زیاترە."
رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، ئەو توانایانەی دەست دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق لە کاتی بوونی هاوپەیمانان دەکەوت ئێستا نەماوە، گوتیشی: "چەند پێشنیازێک هەبووە بۆ دەوڵەتی فیدراڵی بۆ ئەنجامدانی پەیماننامە و رێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام بەداخەوە ئەو پرسە لەبەرچاو نەگیرا و عێراق پێویستی بە پڕچەککردنەوە و هاوکاریی هەواڵگرییە."
مەرجی چەکدانان
قاسم عەبوودی دەڵێت، فرەبڕیاری ئەمنی پرسێکی "عەیبدار" بوو و کێشەی بۆ دروست کردوون و ئەوانەی چەکیان لە دەرەوەی دەوڵەت هەبوو لەگەڵ دەوڵەت رێککەوتنیان کردووە کە چەکەکانیان رادەست بکەن و بەڵێنیان داوە هیچ چالاکییەک لەو ماوەیەدا نەکەن.
پلانی حکومەتی عێراق وایە کە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2027 دۆسیەی رادەستکردنی چەکى گرووپەکان کۆتایی پێ بهێنێت، ئەوەش بە چەند قۆناخێک کە لە 30ی ئەیلوولەوە دەستی پێکردووە.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کشانەوەی هاوپەیمانان مەرجدار بووە بە کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی دەستی دەوڵەت و ئەوەش ئاڵنگارییەکی ئەمنیی گەورەیە و بەرپرسیارێتییەکەی لەسەر شانی حکومەتی فیدراڵییە، "ئەگەرنا داهاتوو باش نابێت بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق"
1500 چەکدار لە شنگال تێکەڵ کراون
بەشێکی قسەکانی ئەو دوو بەرپرسەی عێراق و هەرێمی کوردستان تایبەت بوو بە دۆسیەی شنگال. قاسم عەبوودی رایگەیاند، دۆسیەی شنگال پرسێکی ئاڵۆزە و لایەنی ناوخۆیی و هەرێمیی هەیە، بەهۆی شەڕی داعشەوە هێزی تایبەت بەخۆیان دروست کردووە یان چوونەتە نێو هێزی دیکەوە کە نەیاری وڵاتانی دراوسێن.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی شنگال کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە پێی راگەیاندوون کە چیدیکە بەرگەی بوونی گرووپی چەکدار ناگرن و دەبێت هەموو چەکەکان بە دەستی دەوڵەتەوە بن، سەرەتا داوایان کردبوو پارێزگاری لە دۆخی سەربازییان بکەن، بەڵام فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (عەلی فالح زەیدی) رەتیکردەوە.
ئەو هەنگاوەی حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان لە رێگەی لیژنەیەکی ئەمنیی باڵاوە بووە.
قاسم عەبوودی گوتی: "گەیشتووینەتە رێککەوتن کە ئەو چەکدارانەی شنگال چەکەکانیان رادەست بکەن و تێکەڵ بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان بکرێن، تاوەکو ئێستاش 1500یان تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکان کراون، 500 ژنیشیان لە سەروبەندی تێکەڵکردنیاندان لەگەڵ پۆلیسی کۆمەڵایەتی، کار لەسەر ئەوەش دەکرێت کە 1500ی دیکە تێکەڵ بکرێن، لە ماوەی مانگێکدا کێشەی شنگال چارەسەر دەکرێت."
قاسم عەبوودی گوتیشی: "کێشەمان لە دیاریکردنی قایمقامی شنگال هەبوو و بڕیار درابوو کە حاکمێکی سەربازی وەک قایمقام دابنرێت، کارم لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە کرد و 10 رۆژمان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا دیاریکرد بۆ ئەوەی قایمقامێک دیاری بکەن."
لە ساڵی 2020ەوە بەغدا و هەولێر رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگالیان واژۆ کرد بەڵام رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا.
رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی جیددی نەبووە لە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، سێ جار بەربژێریان دیاری کردووە بۆ پۆستی قایمقام، بەڵام گرووپێکی چەکداری دەرەوەی دەوڵەت رێگر بوو.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا دۆسیەی شنگال کورتکراوەتەوە بۆ گرووپە چەکدارەکانی یەبەشە و پەکەکە، بەڵام دۆسیەکە لەوە گەورەترە و گوتی: "دەبێت وا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی شنگال بکرێت وەک ئەوەی کە هەیە، نەک وەک ئەوەی کە دەمانەوێت."

.jpg&w=3840&q=75)

