رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پێنجشەممە دوایین دانیشتنی دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوی دیکەی رووداوەکەی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی بە مادەی 56 بەڕێوە بچێت. گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی تۆمەتباران دەڵێت، بە فەرمی داوای ئازادکردنی هەموویان دەکەن لەو مادەدا.
دوایین دانیشتنی دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی لە رۆژی پێنجشەممە 08-10-2026 بەڕێوەچوو، تێیدا دادوەری دادگەی تاوانەکانی سلێمانی دانیشتنەکەی دواخست بۆ پێنجشەممە 15-10-2026.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار، ئەمڕۆ سێشەممە 13-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چاوەڕوان دەکەین پێنجشەممە دوایین رۆژی دادگەییکردنەکە بێت لەو دۆسیەیەدا، چونکە هیچ بابەتێک نەماوە جگە لە گفتوگۆی نێوان دادوەرەکان بۆ بڕیارەکە، کە هەمان رۆژ یان رۆژانی دواتری رایدەگەیێنن."
لەبارەی چاوەڕوانییانەوە بۆ بڕیارەکە، گوتەبێژی پارێزەرانی لالەزار گوتی: "بڕیاردان لەسەر دۆسیەکە دوو رەهەندە، ئەگەر یاسایی بێت ئێمە پێمانوایە هەر 12 کەسەکە بێتاوانییان بۆ دەردەکرێت، چونکە هەر بەڵگەیەک تاوەکو ئێستا لەو دۆسیەیەدا خراوەتەڕوو بەگوێرەی یاسا هیچی بڕواپێکراو نین و بۆ ئەوە نین تۆمەتبارانی لەسەر حوکم بدرێت."
دانا تەقیەدین ئاماژەی بەوە کرد، پێنجشەممە داوانامەی خۆیان بۆ ئازادکردنی تۆمەتباران بە فەرمی دەدەنە دادوەرانی دۆسیەکە. گوتیشی: "هیوادارین لە بڕیارەکەدا دادوەران یاساییانە بڕیار بدەن و بێبەربوونی تۆمەتباران رابگەیێنن."
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، بەگوێرەی مادەی 182 لە یاسای سزادانی عێراقی، "ئەو بابەتانەی وەکو بەڵگە دژی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دراونەتە دادگە هیچیان بەڵگەی سەلمێندراو نین، بۆیە دادوەرانی دۆسیەکە پێنجشەممە 15-10-2026 لەژێر تاقیکردنەوەیەکی قورسدان."
دانیشتنی داهاتووی دادگەی سلێمانی، دەبێتە هەشتەمین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی.
لە مادەی 56ـدا هاتووە:
1- هەر ئەندامێکی رێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جنایە) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە 2 ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە 200 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و 1 ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحە) بێت.
2- ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4)ـی ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.
لە رۆژی هەینی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای 3 کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی رۆژی هەینی 22-08-2025ـدا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.
دوای دۆسیەی مادەی 56، تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی تۆمەتبارانی لالەزار کراوە، کە مادەی 406ی تایبەتە بە کوشتن.



