رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا لە دوایین رۆژی دیداری مێری لە هەولێر کە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو، تیشکی خستە سەر قۆناخی نوێی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری پێشوو لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، دانپێدانان بە زمانی کوردی، یەکڕیزیی نێوماڵی کورد لە رۆژئاوا، پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
لە گفتوگۆیەکدا کە لەلایەن دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو، مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا روونیکردەوە کە تێکەڵبوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری پێشوو بە مانای یەکخستنەوەی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی، خزمەتگوزاری و کارگێڕییەکانی تەواوی سووریایە و گوتی، "نزیکەی نۆ مانگە ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای رێککەوتن بەردەوامە و گەیشتووەتە قۆناخێک کە گەڕانەوەی بۆ دواوە نییە، چونکە ویستی ئێمە و دەوڵەتیش هەیە و پشتیوانیی نێودەوڵەتیشی لەپشتە."
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە لە بواری سەربازیدا هێزەکانیان دەبنە بەشێکی سەرەکی لە سوپای سووریا بە ناسنامەی تایبەتی خۆیان، هێزەکانی ئاسایشیش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ و لە رووی کارگێڕیشەوە هەنگاوی باش لە پارێزگاکانی حەسەکە و حەلەب نراون.
سەبارەت بە دەستکەوتەکانی گەلی کورد، مەزڵووم عەبدی گوتی، بەراورد بە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس پێشکەوتنی گەورە بەدەستهاتووە و رایگەیاند، "لە کەرتی پەروەردەدا زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی دانی پێدانراوە؛ لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکو ئامادەیی و بڕوانامەی دواناوەندی بە زمانی کوردییە، هەروەها لە زانکۆکانی قامشلۆ و کۆبانێش خوێندن بە زمانی کوردی بەردەوامە."
مەزڵووم عەبدی باسی لە دروستبوونی متمانە لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا کرد دوای سەتەیەک لە پەراوێزخستنی کورد و گوتی، "پەیوەندیی نێوان من و سەرۆک شەرع لەسەر بنەمای رێزگرتن و متمانەی هاوبەش بنیاتنراوە، هەروەها لەگەڵ وەزیرەکان و فەرماندە سەربازییەکان کۆبوونەوەی باشمان کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی متمانەکە بە تەواوی بچەسپێت، پێویستە لەسەر زەوی بە هەنگاوی کردەیی بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن."
دەقی گفتوگۆکە:
پرسیار: ئێمە بە مێژوویەکی پڕ لە دەوروبەرێکی دژوار و بە مێژوویەکی خەباتی زۆر سەختدا تێپەڕین، بەڵام خۆشحاڵین کە ئێستا دەرگایەکی نوێ کراوەتەوە و سووریایەکی نوێ هەیە. ئەو سووریا نوێیەش عێراقی نوێمان بەبیر دێنێتەوە کە سەرەتا وەک هەویرێک وابوو؛ هێزە کاریگەرەکان بە هێزی دیمەشقەوە، بە هێزی ناوچەکانی دیکەوە، بە هێزی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانەوە ئەو هەویرە بکەنە شتێک کە بە دڵی خۆتان بێت. ئینجا نۆرەی داڕشتنی دامەزراوەکان و دەزگاکانی دەوڵەت دێت، نۆرەی دەستوور دێت، نۆرەی دروستکردنی سووریایەک دێت بۆ هەمووتان بۆ ئاییندە و درێژخایەن. حەز دەکەین بە زمانی خۆت پێمان بڵێیت ئێستا سووریا چی لێهاتووە؟ دۆخی ناوخۆیی، سیاسی، ئاراستەی سووریا و دەسەڵاتی نوێی سووریا بەرەو کوێیە؟ هەڵسەنگاندنێکی خۆتمان بۆ بکە، پاشان دێینە سەر پرسیارە بنەڕەتییەکان، بەڵام هەموویشی لە چوارچێوەی دەوڵەت و دەوڵەتی نوێ و ئاراستەی داهاتوودا.
مەزڵووم عەبدی: راستە، ئێستا سووریا کەوتووەتە قۆناخێکی نوێ. بەڵام من باوەڕ دەکەم بارێکی زۆر سەخت بووە و بۆ گەلی سووریاش زۆر تووند و دژوار بووە. دەیان ساڵ گەلی سووریا لەژێر دەستی ئەم گۆڕانکارییانەدا بوو. لەبەر ئەوە ئاڵنگارییەکان زۆرن و ئاستەنگی زۆر گەورە لەپێشمانن. هەندێک لەو ئاستەنگانە هەن کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوو، دەسەڵاتی بەعس و پێش ئەویش ماونەتەوە، کە کاریگەرییان تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە، واتە لە لایەکەوە دەرفەتی پێشکەوتن و دەرفەتی بنیاتنانی سووریایەکی نوێ هەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە ئەم کێشەیە چییە؟ کێشەیەکە کە دەبێت گەلی سووریا تێیپەڕێنێت. کێشەی شێوازێک یان دەسەڵاتێک کە بە جۆرێک بێت هەموو گەلی سووریا بە تەواوی قبووڵی بکات. راستە دەسەڵاتی بەعس تێکچوو، هەموو گەلی سووریاش دژبەری دەسەڵاتی بەعس بوون، بەڵام ئێستا پێویستە دەسەڵاتداری و سیستمێکی نوێ دروستبکەن. ئەمەش واتە پێویستە گەلی سووریا و تەواوی پێکهاتەکان پێی رازی بن. ئێستا ئەمە یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەممان. خەباتی دەستووری لە بەردەمماندایە بۆ ئەوەی بە تەواوی باوەڕی پێبکەن و تەواوی بکەن. کێشەی سەربازی هەیە، کێشەی ئاسایش هەیە. لە هەمووی گرنگتر، دەسەڵاتی رابردوو نزیکبوونەوەی لە پێکهاتەکان زۆر سەخت و هەڵە بوو، پێکهاتەکانی سووریا و گەلانی سووریا ئازاریان لەو نێوەندەدا چەشت. ئەمە هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە. پێشکەوتن هەیە، دەرفەتیش بۆ چارەسەرکردن هەیە لە رێگەی خەباتەوە. واتە من دەتوانم بە کورتی بڵێم: سووریایەکی نوێ بنیات دەنرێ. دەرفەتی زۆر گەورە هەن بۆ گەلی سووریا. ئێمە هەموومان بۆ ئەوە بە گەشبینییەوە دەچینە ناوییەوە بۆ ئەوەی پێکەوە سووریا بنیات بنێینەوە. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە چەندین ئاڵنگاری و کێشە و ئاستەنگ هەن. ئەمەش پێویستی بە گەلانی سووریا و تەواوی پێکهاتەکانی سووریایە، کە بتوانن پێکەوە کار بکەن و یەکدی قبووڵ بکەن لە چوارچێوەی یەک سووریادا بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە بەرەو پێشەوە بچن. بە کورتی، دەرفەتی پێشکەوتن هەیە و لە هەمبەریشیدا ئاڵنگاری و کێشەی زۆر گەورە لە ئارادان.
پرسیار: ئێمە لە نزیکەوە هەموومان بە راستی چاودێرین. لێرە خەڵکی ئێمە زۆر خەمخۆری رۆژئاوایە، بۆیە لە وردەکارییەکان ئاگادارن. بەڵام لە دیدگە، لە سیاسەت و لەو رووداوانەی لە پشت پەردەوەن لەوانەیە هەموو کەس ئاگای لێی نەبێت. ئێستا پرۆسەیەک هەیە کە پێی دەڵێن تێکەڵبوون. ئێوە پێشتر خۆبەڕێوەبەری بوون، ناوچەیەکی بەرچاو بوو، چەند ملیۆن کەس بوون و بەڕێوەتان دەبرد، واتە سیستمێکی حوکمڕانی هەبوو: خاک بوو، دەسەڵاتی کارگێڕی بوو، میللەت بوو. ئێستا ئەوانە هەمووی دەبێت تێکەڵ بە دەوڵەت ببنەوە. ئێوەش ئێستا کەمتر دەڵێن خۆبەڕێوەبەری، زیاتر دەڵێن کورد؛ زمانی کوردی، مافی کورد. بەڵام پێکهاتەکانی دیکەش هەن کە ئێوە هەموو کات داکۆکیتان لێکردوون. لێرە پێمان بڵێ پرۆسەی تێکەڵبوون واتە چی؟ بەرەو کوێ دەڕوات و چەند خێرایە؟
مەزڵووم عەبدی: لە راستییدا ئەمەش بابەتێکە کە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ و هەر کەسێک بە جۆرێک هەڵیدەسەنگێنێت. ئێمە لە پرۆسەیەکی هاوبەشداین، دەزانن لە دەرەوە سێ رێککەوتن کران بە سەرۆکایەتی و ئامادەبوونی ئەمریکا. ئەو شتە بنەڕەتییەی کە ئێمە لەسەری رێککەوتووین، بۆ بابەتی تێکەڵبوون مەبەستمان چییە؟ مەبەستمان تێکەڵکردنی دامەزراوەکانە. ئەمە بۆ تەواوی سووریایە نەوەک تەنیا بۆ ناوچەی رۆژئاوا. لە تەواوی سووریادا پێشتر بەم جۆرە بوو: حکومەتێک لە دیمەشق هەبوو هی ئەسەد، حکومەتێک لە ئیدلب هەبوو و دامەزراوەکانی خۆی هەبوو، حکومەتێکی دیکەی کاتی لە ئەعزاز هەبوو، یەکێکیش حکومەتی خۆبەڕێوەبەری بوو. لە سووریادا چەندین دەسەڵات هەبوون. بۆ ئەوەی سووریایەکی نوێ بنیات بنێینەوە، پێویستە ئەو دامەزراوانە ببنە یەک. یەکەمین شت کە مەبەستمان بووە ئەوەیە ئەو دامەزراوانە تێکەڵ بن؛ دامەزراوە سەربازییەکان، ئاسایش، خزمەتگوزاری و کارگێڕییەکان. ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە و بەردەوامە، ئەم هەنگاوە بەرەو پێشەوە دەچێت. ئەم پرۆسەیە ناشاردرێتەوە، نزیکەی نۆ مانگە بەردەوامە. ئەم پرۆسەیە گەیشتووەتە ئاستێک کە گەڕانەوەی بۆ دواوە نییە، چونکە ویستێک هەیە؛ ویستی ئێمە هەیە، ویستی دەوڵەتیش هەیە، پشتیوانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیشی لەپشتە. من باوەڕ دەکەم لە مانگەکانی داهاتوودا ئەم پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوانە کۆتایی بێت. بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە کێشە نییە؛ کێشە هەن و دەبێت چارەسەر بکرێن، بەتایبەت لە بواری سەربازیدا پێشکەوتنی گەورە روویانداوە؛ هێزە سەربازییەکانی ئێمە بەشێکی گەورە دەبن لە سوپای سووریا، بە ناسنامەی تایبەتی خۆیانەوە. هێزە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی ئێمە دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام بە شێوازێک کە بەڕێوەبردنی کارگێڕیی تایبەت بە خۆیان هەبێت. لە بواری کارگێڕیشدا وەک پارێزگای حەسەکە وناوچەی کۆبانێ، گەلێک هەنگاو نراون. بە هێڵێکی گشتی، تێکەڵکردنی دامەزراوەکان بەرەو پێشەوە چووە و کەس ناتوانێت بیگەڕێنێتەوە دواوە، لەبەر ئەوەی ویستی ئێمەش هەیە، هی دەوڵەتیش هەیە و پشتیوانیش هەیە.
پرسیار: لەم 20 ساڵەدا سنووری کارگێڕیی هەموو ناوچەکان گۆڕاوە. رەققە شتێک بوو، ئێستا شتێکی دیکەیە؛ عەفرین نازانرێت سەر بە کوێ دەبێت؛ کۆبانێ، قامشلۆ، حەسەکە؛ ئایا سنووری کارگێڕیی ئەوانە لەسەر دۆخی پێشوو دەبێت یان شتێکی نوێ دروست دەکەن؟ بۆچی ئەم پرسیارە دەکەم؟ لەبەر ئەوەی ناوچەی زۆرینەی کوردی هەیە و ناوچەی پێکهاتەکانی دیکەش هەیە. کاتێک باسی زمان، مافی کارگێڕی و نەتەوەیی دەکەین، دەبێت سەرنجێکمان هەبێت لەسەر رێکخستنی کارگێڕی و جوگرافی.
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، بە گشتی کاتێک باسی ناوچەی کوردی دەکرێت، دوو پارێزگایە: پارێزگای حەلەب و پارێزگای حەسەکە. ناوچەی کوردی لە نێوان ئەو دوو پارێزگایەدا دابەش بووە؛ عەفرین و کۆبانێ سەر بە پارێزگای حەلەبن و پارێزگای حەسەکەش هەر جەزیرەیە. بە گشتی لە رووی جوگرافییەوە لێکدابڕاوە، بەڵام کاتێک باسی تایبەتمەندیی کوردی دەکرێ، ئێمە پێشنیازمان کردووە کە لەسەر تایبەتمەندیی ناوچەی کوردی راوەستین. لەبەر ئەوە، پرسی کورد لە سووریا تایبەتمەندییەکی ناوچەیی هەیە و پێویستە ئەمەش وەک شتێکی لێکبەستراو پێکەوە چارەسەر بکرێت. ئەو کێشانەی کە هەن هەر یەکن؛ کێشەی عەفرین، کۆبانێ و جەزیرە هەر یەک کێشەیە، واتە تەنیا بە پارێزگاکانەوە پەیوەست نییە، کێشەیەکی گەورەترە و دەبێت چارەسەری لەسەر ئاستی ناوەندی بۆ بدۆزرێتەوە. بۆ نموونە، پرسی زمان کە پێشکەوتنێک روویداوە. کاتێک بەراوردی دەکەین لەگەڵ سەردەمی بەعس، پێشکەوتن هەیە. زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە قوتابخانەکاندا دانی پێدا نراوە و بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن بە زمانی کوردییە. کاتێک لە 29ـی مانگی چواردا رێککەوتنمان کرد، لەسەر پرسی زمان هیچ پاشەکشەیەک نەبوو، ئێمە گوتمان دەبێت دانوستاندنەکان بەردەوام بن تاوەکو ئەو کاتەی ئەم بابەتە بە تەواوی چارەسەر دەبێت و لە دەستووردا جێگیر دەکرێت.
پرسیار: ئەمە دڵخۆشکەرە، چونکە بیرمانە تاوەکو دوێنێ بوو نە بە زمانی کوردی قسە دەکرا، نە دانپێدانان بە نەتەوەی کورددا دەکرا. ئێستا هاتووی لە دیمەشق باسی ئەوە دەکەیت زمانی کوردی چۆن ببێتە زمانێکی فەرمی. بەڵام ئەگەر ئێوە خۆتان پڕۆژەیەک پێشکێش بکەن، پێشکێشی دەوڵەتی بکەن و باسی زمانی کوردی بکات، پڕۆژەکەی ئێوە ناواخنەکەی چی دەبێت؟ پێناسەی بکەیت بەر لەوەی ئەوان پێت بڵێن چییان دەوێ.
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، ئێمە کەوتووینەتە نێو قۆناخێکی نوێوە، لە بەردەمماندا خەباتێکی دەستووری هەیە. ئێمە باسی رێککەوتنەکان دەکەین، ئەو رێککەوتنانەی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی کۆمار پەسند کراون. چارەسەری بەردەوام تەنیا لە نێو دەستووردا مسۆگەر دەبێت. لەبەر ئەوە لەپێشماندا لە نێو پرۆسەی دەستووردا دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی بتوانین مافەکانی گەلی خۆمان و مافەکانی ناوچەی کوردی لە دەستووردا بچەسپێنین. رێککەوتنێک کرابوو و ئاماژە بەم خاڵە درابوو. بۆ نموونە، رێککەوتنی 10ـی ئادار، تێیدا گوترابوو دەبێت مافی کورد لە دەستووردا دەستەبەر بکرێت، ئەمە تێیدا هەیە. دیسان رێککەوتنەکانی دیکەش، هی 18ـی مانگ و 29ـی مانگی چوار، باسی تایبەتمەندیی ناوچەی کوردییان تێدا کراوە. ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە دەبێت مافی گەلی کورد بە تەواوی لە دەستووردا بچەسپێنرێ. ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ لەسەر زەوی بەدەستهاتوون لە هەموو لایەنەکاندا چ سەربازی، چ ئاسایش، چ خزمەتگوزاری و کارگێڕی و ئەو شتانەی لەو رێککەوتنانەدا واژۆ کراون و بە فەرمانی سەرۆککۆمار دەرچوون، دەبێت نێوەڕۆکەکەیان لە دەستووردا بچەسپێندرێ . ئەگەر ئەوە مسۆگەر بێت، مافی گەلی کورد لە رۆژئاوا و تەواوی سووریا دەستەبەر دەبێت.
پرسیار: ئێوە لە قۆناخێکی زۆر هەستیار و لە کاتێکی زۆر گرنگدان لە دیمەشق. ئەو شتانەش هەموویان لە سەرەتای دروستبووندان، بەڵام هەموویان پێویستیان بە دروستکردنی متمانەیە لە نێوان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆک شەرع. پەیوەندیی تۆ و سەرۆک شەرع چەند کاریگەری هەبووە بۆ ئەوەی متمانە دروستبێت و کارەکانتان بە باشی بڕۆن؟
مەزڵووم عەبدی: بێگومان متمانە بەو هەنگاوانە دروست دەبێت کە لەسەر زەوی دەنرێن، نەوەک پرسێکی کەسی. وەک دەزانن گەلی کورد لە سووریادا هەمیشە بێمتمانەیی بەرامبەر دەوڵەتی سووریا هەبووە. کاتێک دەوڵەتی سووریا بنیاتنرا پێش 100 ساڵ، کورد پەراوێز خران و فەرامۆش کران، کورد لە دەوڵەتدا بەشدار نەبوون. کاتێک لە 1946 سەربەخۆیی بەدەستهات، دیسان کورد فەرامۆش کران. پاشان سیاسەتی تووند دژی گەلی کورد پەیڕەو کرا لە سەردەمی بەعس و پێش ئەویش، لەبەر ئەوە بێمتمانەییەکی گەورە لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی سووریادا دروستبوو. بەڵام ئێستا لە سووریای نوێدا دوای رووخانی دەسەڵاتی پێشوو، یەکەمین جارە کورد دەچنە نێو دەوڵەت و سەرەتای دروستبوونی متمانە لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەت هاتووەتە ئاراوە. لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی دەوڵەتدا لەگەڵ سەرۆک شەرع و بەرپرسانی دیکە پەیوەندیی باشمان هەیە. ئێمە لەگەڵ وەزیرەکان، فەرماندە سەربازی و کارگێڕییەکان کۆبوونەوەمان کردووە. فەرماندەکانی ئێمە چوونەتە نێو سوپا و فەیلەق و فیرقەکانی سوپای سووریاوە، لە نێو وەزارەتی ناوخۆیشدا هێزە ئەمنییەکانی ئێمە وەرگیراون. لەسەر ئاستی کەسیش لە نێوان من و سەرۆک شەرعدا رێزگرتن و متمانە هەیە. بەڵام دەبێت لەسەر زەوی ئەم متمانەیە تەواو بێت، قسە بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو پێویستە بە هەنگاوی کردەیی لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێ. بۆ نموونە لە بواری سەربازی و کارگێڕیدا هەنگاو نراوە و پێکەوە کار دەکەین. هەرچەندە کاتێک سەیری سەرانسەری سووریا دەکەین، لە وەزارەتەکان و فەرمانگە ناوەندییەکان رێژەی بەشداریی کورد کەمە و پێویستە زیاد بکرێ، بەڵام پرۆسەکە بەردەوامە و کاتی دەوێت تا متمانەی تەواو بچەسپێت.
پرسیار: خۆت فەرمووت لەسەر زەوی بە کردەیی متمانە دروست دەبێت. بەڵام بۆ ئەوەی خۆت کاریگەر بیت لە دانوستاندن و گفتوگۆدا لە دیمەشق، پێویستە لە نێو ماڵی خۆیشتاندا یەکگرتوو و بەهێز بن. جیاوازیی بۆچوون ئاساییە، بەڵام دەبێت کار بکەن بۆ ئەوەی لە نێوخۆدا بەهێز بن. لێرەدا دوو کێشەی گەورە هەن. یەکەم، لە نێوخۆی کورددا چۆن نێوماڵی خۆتان رێکدەخەن؟ هێزی جیاواز هەن: ئەنەکەسە، پەیەدە، مەسەدە و هێزی دیکە. پێشتر وەک هەسەدە هێزی سەربازی بوون، وەک مەسەدە ئەنجوومەن بوون، ئێستا قۆناخەکە نوێیە و دەبێت نوێنەرایەتیی پرسی کورد لە دیمەشق یەکدەست بێت. چۆن لەگەڵ ئەنەکەسە مامەڵە دەکەن؟
مەزڵووم عەبدی: وەڵامی ئەم پرسیارە دەکەم بە دوو بەش. بەشی یەکەم، پرسی یەکڕیزیی ناوخۆیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان لە 26ـی مانگی نیساندا کۆنفرانسێکمان ئەنجامدا، کۆنفرانسێکی زۆر باش و سەرکەوتوو بوو، هەموو هێزە کوردییەکان بێ جیاوازی بەشدار بوون و لەوێ ویستێکی هاوبەشی کوردی دەرکەوت. ئێمە پابەندین بە ئەنجامەکانی ئەو کۆنفرانسەوە و دەبێت ئەنجامەکانی جێبەجێ بکەین. پێشتر دانوستاندنەکانمان لەگەڵ دەوڵەت تەنیا لەسەر پرسی سەربازی بوو، چونکە دەوڵەت پێداگری دەکرد تەنیا باسی پرسی سەربازی بکرێ و نوێنەرانی ئێمە لە دانوستاندندا تەنیا سەر بە هێزی سەربازی بوون. بەڵام ئێستا بابەتەکە گۆڕاوە. ئێمە بە ناوی تەواوی گەلی کورد لە سووریادا گفتوگۆ دەکەین، نەوەک تەنیا بە ناوی لایەنێکەوە. ئەم دەستکەوتانەی کە بەدەستهاتوون هی تەواوی گەلی کوردن لە سووریا، هی هیچ لایەنێک یان پارتێکی تەنیا نین. ئەگەر زمان پەسند بکرێت، ئەگەر مافە کارگێڕییەکان قبووڵ بکرێن، ئەمانە بۆ هەمووانە. لەبەر ئەوە پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکانی وەک ئەنەکەسە، پەیەدە و ئەوانی دیکەش پێکەوە خاوەندارێتی لەم دەستکەوتانە بکەن. دوێنێ هەڤاڵانی ئەنەکەسە چووبوونە سەردانی پارێزگاری حەسەکە، ئەمە هەنگاوێکی باش و ئەرێنی بوو، دەبێت پێکەوە هاوکاری بکەن. هەموو بەڕێوەبەرانی ناوچەکان دەبێت خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکان بکەن؛ هێزی سەربازیی کوردی لە نێو سوپای سووریادایە، هێزی ناوخۆ لە نێو وەزارەتی ناوخۆدایە و لە دەزگای هەواڵگریشدا بە هەمان شێوە. سەبارەت بە زمانی کوردی، پێشتر ئەزموونێکی 15 ساڵەی خوێندنی زمانی کوردیمان هەبوو، هەندێک دەیانگوت ئەمە تەنیا نوێنەرایەتیی لایەنێک دەکات، بەڵام ئەمڕۆ پرۆگرامێکی پەروەردەیی فەرمی هەیە کە خوێندن بە کوردی تێیدا مسۆگەرە، بڕوانامەی دواناوەندی بە زمانی کوردییە و لە زانکۆکانی قامشلۆ و کۆبانێش خوێندکاران دەتوانن بۆ سێ، چوار و پێنج ساڵ (لە بەشەکانی وەک ئەندازیاری) بە زمانی کوردی بخوێنن. پێویستە هەموو کەسێک خاوەندارێتی لەم دەستکەوتانە بکات و یەکڕیزیی نێوانمان بپارێزرێ.
پرسیار: جەنابی جەنەراڵ، با من سەرنجێک بدەم و پاشان پرسیارێک بکەم. هیوادارم بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن. کۆنفرانس و رێککەوتن پێویستیان بە چاودێری و جێبەجێکردنە. ئێوە قوربانی و خەباتتان زۆرە، ئەوانیش (ئەنەکەسە و لایەنەکانی دیکە) قوربانی و خەباتیان زۆرە و دەربەدەری و زیندانییان بینیوە. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی هەیە: بەشێک لەو شەڕڤان و خۆبەخش و خەڵکەی لەگەڵ ئێوە قوربانییان دا لە شەڕی دژی داعش و خاکیان رزگار کرد، خەڵکی سووریا نین، شەڕڤانی دەرەوەی سووریان، دەسەڵاتی ئەمڕۆی دیمەشق ئەوانە بە بیانی دەزانێت؛ ئێوە چارەنووسی ئەو کەسانە چی لێدەکەن؟ رێککەوتنتان لەسەر ئەوانە چییە؟
مەزڵووم عەبدی: ئێمە بە روونی لەم بوارەدا هەڵوێستی خۆمان خستووەتەڕوو. پرۆسەی تێکەڵبوون شتێکە کە تەواوی گەلی کورد لەگەڵیدایە و هەموو هێزە سیاسییەکانیش پێی رازین، تەنیا هەندێک کەسی کەم نەبێت کە مافی خۆیانە بۆچوونی جیاوازیان هەبێت. لەسەر ئاستی دانوستاندنەکانمان لەگەڵ دەوڵەت، ئەم پرسەش هاتووەتە بەرباس. لە سووریادا ئەم دۆسیەیە بە شێوازێکی دادپەروەرانە چارەسەر دەکرێ. ئەو کەسانەی لە دەرەوە هاتن و لەگەڵ ئێمە دژی داعش شەڕیان کرد و خەڵکی سووریا نەبوون، لە پێناوی دۆزێکی مرۆیی و نەتەوەییدا هاتن و ئێمە بە رێزەوە یادیان دەکەین. زۆریان شەهید بوون، زۆریشیان لە کاتی خۆیدا گەڕانەوە سەر ژیانی خۆیان. ئەوانەیشیان کە ماونەتەوە، وەک چۆن لە سووریادا رێگەچارەی یاسایی بۆ کەسانی هاوشێوە دەدۆزرێتەوە، بۆ ئەوانیش بە هەمان شێوە چارەسەری یاسایی دەدۆزرێتەوە لە چوارچێوەی یاساکانی وڵات. ئەمە شتێکە کە دانوستاندنی لەسەر کراوە و بە شێوازێکی دادپەروەرانە یەکلایی دەکرێتەوە.
پرسیار: با باس لە لایەنی عێراق و کوردستانی عێراق بکەین، چۆن هاوکاریتان دەکەن؟ لە لایەنی تورکیایشەوە ئێوە چۆن لە تورکیا دەڕوانن و ئەوان چۆن دەڕواننە ئێوە؟ ئاییندەی ئەو پەیوەندییە چی دەبێت و هیوا و خواستەکانتان چییە؟ دەمەوێ جیاواز باسی هەردووکیانمان بۆ بکەیت.
مەزڵووم عەبدی: لە سەرەتادا دەخوازم بڵێم: لە سەرەتای ئەم ساڵەدا کاتێک هێرش و پەلاماری سەخت لەسەر گەلی رۆژئاوا هەبوو، تەواوی گەلی کورد لە دەورمان کۆبوونەوە. کاتێک بانگەوازمان کرد، تەواوی پارچەکانی کوردستان و گەلی کورد بەبێ جیاوازیی پارت و بیروباوەڕ پشتیوانییان لێکردین، لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات. لە کاتی شەڕی کۆبانێدا لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعوود بارزانی بووین و بە فەرمانی بەڕێزیان هێزی پێشمەرگە هاتنە کۆبانێ. هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت ئامادە بوو و پشتیوانی کرد، هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەموو قۆناخە سەختەکاندا شەو و رۆژ لەسەر خەت بوو بۆ وەستاندنی شەڕەکان. لە سلێمانیش لەگەڵ کاک بافڵ و کاک قوباد تاڵەبانی لە پەیوەندیدا بووین و بە هەمان شێوە پشتیوانییان کردین. لە هەموو بوارەکاندا، چ لە بواری شەڕ و چ لە بواری دیپلۆماسیدا، هەرێمی کوردستان هیچ کەمتەرخەمییەکی نەکرد و ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەو هەڵوێستەین. سەبارەت بە تورکیا، ئێستا لە تورکیا و باکووری کوردستان باسی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەکرێ. ئەم پرۆسەیە راستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر رۆژئاوای کوردستان دەبێت. نزیکەی ساڵێکە هێرشە ئاسمانی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەسەر رۆژئاوا راگیراون، ئەمەش ئەنجامی ئەو ئاراستە نوێیەی ئاشتییە. هەروەها بانگەوازی ئاشتی لە لایەن بەڕێز ئۆجەلانیشەوە رۆڵی خۆی هەبووە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە. بۆیە ئەگەر لە تورکیا و باکووری کوردستان ئاشتی سەربکەوێ، پێش هەموو کەسێک رۆژئاوای کوردستان سوودمەند دەبێت، لەبەر ئەوە ئێمە بە تەواوی پشتیوانی لەو پرۆسەیە دەکەین.


