رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی لەبارەی بەڕێوەچوونی دیداری مێری 2026 لە شاری هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "جێگەی داخە کە ئەم کۆڕبەندە ئەم ساڵ نەیتوانیوە بە شایستەیی لە بانگهێشتکردنی میوانان و پەنێڵەکانیدا رەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی تری کوردستان بکات."
دیداری مێری دوێنێ دووشەممە و ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ بارەگای بارزانی دەڵێت: "لە دیدارێکی ئاوا گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان رەنگ بداتەوە."
هاوکات، باس لەوە دەکات، "ئەم جۆرە مامەڵەکردنە نیگەرانیی خەڵکی تێکۆشەر و رەسەنی بەشەکانی تری کوردستانی لێکەوتووەتەوە و دەبێتە هۆی قووڵكردنی پەرتەوازەیی و دووبەرەکیی نێوان رۆڵەکانی گەلی کوردستان. هەموو لایەکیش ئاگادار دەکەینەوە کە (مێری) هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە."



