رووداو دیجیتاڵ
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری پێشوو لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باس لە قۆناخی نوێی کورد لە سووریا دەکات و رایدەگەیێنێت کە پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بەردەوامە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە لە داهاتوودا دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی سووریا.
لە وەڵامی پرسیارەکانی دلبخوین دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، ئیلهام ئەحمەد لەبارەی دەستکەوتەکانی کورد لە سووریای نوێدا گوتی: "کورد چوونەتە قۆناخێکی نوێ. پێشتر هەمیشە کورد لە دەرەوەی ناوەندی بڕیار دەهێڵدرانەوە، بەڵام ئەمجارە جیاوازە. ئێستا پەسندکردنێک و دانپێدانانێک دروستبووە کە کورد لەم وڵاتەدا دەژی. پێمان وایە مەرسوومی ژمارە 13 کەمە و تەواو نییە، بەڵام بووەتە بنەمایەک بۆ ئەوەی ببینە هاوبەش لەم وڵاتەدا."
سەبارەت بە چارەنووسی پەروەردە بە زمانی کوردی، ئیلهام ئەحمەد روونیکردەوە کە بەپێی بڕیارە نوێیەکان، هەفتانە سێ کاژێر وەک وانەی کوردی دیاریکراوە، لەگەڵ چەند وانەیەکی دیکە (مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە) کە بە کوردی دەخوێندرێن؛ هەروەها گوتیشی: "ئێمە هەوڵ دەدەین ئەمە ببێتە مافێکی دەستووریی هەمیشەیی و زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن بۆ کورد. هاوکات حکومەت بڕوانامەکانی پێشووی پەسند کردووە و قوتابخانەی کوردی لە شارەکانی وەکو حەلەب، شام، دەرعا و باب دەکرێنەوە."
لەبارەی دۆخی فەرمانبەران و هێزە چەکدارەکان، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد کە لیستی ناوی فەرمانبەران و بەشێک لە هێزە سەربازییەکان بۆ دیمەشق بەرزکراوەتەوە تاوەکو بخرێنە سەر میلاکی دەوڵەت، بەڵام تا پەسندکردنیان، بەڕێوەبەرییەکانی پێشوو لە رێگەی داهاتە کۆکراوەکانیانەوە مووچەیان دەدەن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد
رووداو: باسی تێکەڵبوون دەکەین. دەبینم ئێوە زۆر سەرقاڵی ئەوەن. وەک ئەوەی هیوایەکی زۆرتان پێی هەبێت. ئەم تێکەڵکردنە چی بە کورد دەدات؟
ئیلهام ئەحمەد: با بەم شێوەیە بڵێم، بەم رێککەوتنە، یانی گۆڕانکارییەک روویدا. کورد لە سووریا چووە قۆناخێکی نوێ و سووریاش خۆی چووە قۆناخێکی نوێ. لەبەر ئەوەی ئەو مێژووەی کە هەمیشە کورد لە دەرەوەی هێڵدراوەتەوە، لە دەرەوەی ناوەندی بڕیار هێڵدراوەتەوە، ئەمجارە کورد بەشێکە لێی. هەروەها قبووڵکردنێک، دانپێدانانێک دروست بووە کە کورد لەم وڵاتەدا دەژی. ئەمەش شتێکی نوێیە. بۆیە کەمە، یانی ئێمە ناڵێین تەواوە، مەرسوومی ژمارە 13، ئێمە ناڵێین تەواوە، راستە کەمە، بەڵام هەیە، یانی بنەمایەکە. لەبەر ئەوە ئێمە گرنگی پێدەدەین و دەڵێین ئەمە دەبێتە بنەمای سەقامگیری، بنەمای ئەوەی کە ئێمە ببینە هاوبەشی ئەم وڵاتە.
رووداو: پێشتر ئێوە هەموو شتێک بوون لە رۆژئاوای کوردستان. هەموو شتێک لە دەستی ئێوەدا بوو. دەسەڵات بوون، دەوڵەت بوون. ئێستا شتێک بە ناوی رۆژئاوای کوردستان ماوە؟
ئیلهام ئەحمەد: رۆژئاوا وەک جوگرافیا لە عەقڵ و رووحییەتی کۆمەڵگەدایە. لە فەرمیاتدا نییە، بەڵام کاتێک کورد پێکەوە قسە دەکەن هەمیشە دەڵێن رۆژئاوا. جگە لەوە، سەربەخۆیی ناوچەکە، یانی لە رووی کولتوورییەوە، لە رووی سیستمەوە، تاوەکو دەگاتە ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە خۆیان لە نێو ئاوەدانکردنەوە و دامەزراوەکاندا جێدەگرن و بەڕێوەبردنی لە دەستی خۆیاندایە، خۆبەڕێوەبەرییەکی لەو شێوەیە تاوەکو ئاستێک هەیە.
رووداو: ئەم خۆبەڕێوەبەرییەی ئێستا کە هەیە، دەتوانێت ببێتە شتێکی دەستووری یان تەنیا بەم شێوەیە دەمێنێتەوە؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێمە هەوڵ دەدەین، پێویستە ببێتە دەستووری. دەستووری، چۆن؟ کاتێک کە بەڕێوەبردنە خۆجێییەکان، یانی بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمییەکان بەهێز بوون، ئێمە دەمانەوێ بە شێوازێکی وەها لە نێو دەستووردا جێگیری بکەین. هەروەها هەوڵی ئێمە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە دەستوور بە راستی ماف بداتە پارێزگا و هەموو ئەو نەتەوانەی تێیاندان، حوکمڕانییە خۆجێییەکان بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، ئێمە ئەو هەوڵە دەدەین.
رووداو: ئایا هاووڵاتییە عەرەبەکان، ئەوانەی کە لەگەڵ کورد دەژین، بەتایبەتی لە پارێزگای حەسەکە، ئەوە قبووڵ دەکەن؟ بۆ نموونە ئێمە لەم ماوەیەی دواییدا بینیمان هێرشیان کرد، هێرشیان کردە سەر کورد، تەنانەت لە هەندێک شوێن وێنەکانی سەدام حوسێنیان بەرزکردەوە. ئێوە چۆن دەتوانن ئەو پێکهاتانەی دیکە، کە ماوەیەک دەتانگوت برایەتیی گەلان و لەگەڵیان کاریان دەکرد، ئێوە چۆن دەتوانن رازییان بکەن کە کورد خۆیان ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەببەن؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێستا لە نێو ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەدا، ئەو شوێنانەی هاووڵاتی عەرەبی لێیە، عەرەبەکانی هەمان ناوچە بەڕێوەی دەبەن، یانی لە نێو دامەزراوەکاندا هەن، پێشتریش هەبوون. ئەوانەی کە بەم شێوەیە ئەم کێشانەیان دروستکردووە، هەندێکیان ئەوانەن کە لە ناوچەکە نەبوون، لە دەرەوە بوون و گەڕاونەتەوە. هەندێکیان بەعسییە کۆنەکانن، ئەوانەی خاوەنی عەقڵییەتی شۆڤێنین. لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، لەگەڵ حکومەتدا، ئەرکێکی سەرەکی هەیە ئێمە وا دەبینین، کە رێگە لە بەردەم ئەم عەقڵییەتە بگرن. گوتاری رق و کینە لەناوبچێت. دووەم، ئەم دەوڵەتە خۆی رێگە بکاتەوە و هانی بدات، بڵێت کە ئەمانەش هاووڵاتین، مافی خۆیانە کە لە نێو دامەزراوەکاندا جێگە بگرن، مافی خۆیانە کە ئەم دامەزراوانە بەڕێوەببەن. ئەمە وەک ئەرکێک دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەت و ئێمەش هیوای ئەوەمان پێی هەیە کە ئەم رۆڵە ببینێت لە داهاتوودا.
رووداو: ئێوە لەگەڵ دەوڵەت زۆر مامەڵە دەکەن (دادەنیشن)، دەچن و دێن، لەگەڵ شەرع و وەزیری دەرەوە. باوەڕتان وایە کە بە راستی ئەوان دەیانەوێ مافێکی دەستووری بە کورد بدەن؟
ئیلهام ئەحمەد: دەبینین، بەڵێ. کێشەکە خۆی هێشتا گفتوگۆی دەستووری لەسەر نەکراوە. بەڵام بەرامبەر کورد، بەتایبەتی بۆ ئەوەی خاوەن ماف بن، خاوەن ناسنامە بن، کرانەوەیەک هەیە، لەگەڵ ئەوەی کە هێشتا کاریگەریی دەوڵەتە هەرێمییەکان یان هی دەرەوە لەسەر کەشی ناوخۆ بە گشتی هێشتا هەیە. لەبەر ئەوەش هەندێکیان خۆیان و هەندێکیش لە ژێر کاریگەریی دەرەوەدا ئەو بۆچوونانەیان هەیە.
رووداو: بابەتی زمان گەیشتە کوێ؟ زمانی پەروەردە چۆن دەبێت؟ تەنیا سێ وانە دەبێت یان بە راستی لە ناوچە کوردنشینەکان پەروەردە بە زمانی کوردی و عەرەبی دەبێت؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێستا خوێندن تەواو سێ وانە نییە، بڕیار هەیە و بەپێی بڕیارەکە، سێ کاژێر وانەی کوردیی تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چوار کتێبی دیکەش بە زمانی کوردین. سێ کتێبیان کە بریتین لە مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە بۆ ئەم ساڵ دیاریکراون، بەڵام ئێمە گوتوومانە کە دوای وەرگێڕانیان هەوڵ دەدەین ببنە بابەتی هەمیشەیی و جێگیر، واتە بەم شێوەیە چوار کتێب، کە کتێبە ئەدەبییەکانن، نزیکەی هەموویان بە زمانی کوردی دەخوێندرێن. بەڵام کێشەکە لە کوێدایە، کێشەکە ئەوەیە کە ئەو منداڵە کوردانەی تاوەکو ئێستا بە زمانی کوردی خوێندوویانە، زمانی عەرەبی نازانن و ئەمەش کێشە دروست دەکات. واتە ئەم دۆخە و ئەم پرۆسەیە پێویستی بە قۆناخێکی گواستنەوە و ناوەند هەیە. هەروەها، جێگیرکردنی مادەیەکی لەم شێوەیە لە دەستووردا واتە ببێتە مافێکی دەستووریی کورد کە بە زمانی خۆیان بخوێنن و زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی کورد و زمانی فەرمیی خوێندن. ئەگەر ئەمە بکرێ، ئەوکات کام بابەت بە عەرەبی یان بە کوردی دەخوێندرێ، ئەوەندە کێشە نییە.
رووداو: ئایا حکومەت ئەو بڕوانامانە پەسند دەکات کە تاوەکو ئێستا وەرگیراون؟
ئیلهام ئەحمەد: پەسندی کردوون، هەموو ئەوانەی پۆلی نۆیان پەسند کردووە، ئەوانەی زانکۆش دەست پێبکرێن پەسند دەکرێن.
رووداو: ئەو وانانەی باسی دەکەن، لە عەفرین و سەرێکانیش دەخوێندرێن؟
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ. مەرسوومێک بۆ هەموو ئەو ناوچانەی کوردیان تێدا دەژی دەرچووە. بۆ هەموو کوردە، تەنانەت هەندێک شار کە تاوەکو ئێستا زمانی کوردییان تێدا نەبووە، کوردن بەڵام بە کوردی قسە ناکەن، با قوتابخانەی کوردییان تێدا بکرێتەوە. بۆ نموونە لە حەلەب 5 قوتابخانە کرانەوە، لە شام کرانەوە، بەڵێ، دەرعاش دەیانەوێ، بۆ نموونە لە باب و ناوچەکانی دیکە هەمووی بە زمانی کوردی دەخوێندرێت.
رووداو: مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی [خۆسەر] بوون و ئێستا لەسەر کاری خۆیانن، کێ دەیدات؟ ئێوە دەیدەن یان حکومەت؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێستا ناو هەن کە بەرزکراونەتەوە، لیستی ناوی فەرمانبەران هەن، ئەو ناوانە بەرزکراونەتەوە و چاوەڕێ دەکرێ پەسند بکرێن، پەسەند بکرێن کە ئەمانە فەرمانبەری ئەم دامەزراوانەن. هێشتا ئەوە نەکراوە، لەم نێوەندەیشدا هێشتا ئێمە دەیدەین. یانی ئێمە مووچەیان دەدەین.
رووداو: ئەو پارەیە لە کوێ دەهێنن؟
ئیلهام ئەحمەد: ئەمە وەک دەزاندرێ ئەو داهاتەیە کە تاوەکو ئێستا کۆمانکردبووەوە، ئێمە هێشتا لەسەر ئەو بنەمایە ئەوە دەکەین [مووچە دەدەین].
رووداو: کێ مووچەی هێزە سەربازییەکان دەدات؟
ئیلهام ئەحمەد: هێزە سەربازییەکە بەشێکیان دەوڵەت مووچەیان دەدات، واتە ئەوانەی ئەندامبوونیان پەسند کراوە و لە چوارچێوەی لیواکاندان، دەوڵەت مووچەیان پێدەدات. بەشەکەی دیکەیان کە ناویان بەرزکراوەتەوە، بەڵام بە فەرمی نەکراون، ئێمە ئەرکی ئەوان هەڵدەگرین.
رووداو: شتێک سەرنجی راکێشام، بۆ نموونە ئایا حکومەت تاوەکو ئێستا پۆستە سیادی و سەرەکییەکانی داوەتە کورد ؟
ئیلهام ئەحمەد: نا، نەخێر.
رووداو: کێشەکە چییە؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێستا لەم بابەتەدا لە بنەڕەتدا لە رێککەوتنی بیست و نۆی مانگی یەکدا، خاڵێکی وا هەبوو کە پێویستە لە هەموو وەزارەتەکاندا نوێنەر هەبن، یانی پێویستە دامەزراندن هەبێت و هەندێک وەزارەت ئێمە بەڕێوەیان ببەین. بەڵام لەم رووەوە ئێمە گفتوگۆمان هەیە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە. یانی ئێمە لیستی ناومان بەرزکردووەتەوە. دەتوانم وا بڵێم کە مەسەلەی تێکەڵکردن هێشتا کۆتایی نەهاتووە، هێشتا بەردەوامە. خاڵەکان، دۆسیەی کراوە هەن کە دانەخراون، گفتوگۆی تێدایە، دۆسیەی نەکراوەش هەن. لەبەر ئەوەش ئێمە ناومان بۆ باڵیۆزخانەکان بەرزکردووەتەوە، بۆ وەزارەتەکان ناومان بەرزکردووەتەوە، ئێمە چاوەڕێین لایەنی دەوڵەت وەڵاممان بداتەوە. ئەگەر پەسندی نەکەن، بەو مانایە دێت کە هاوبەشییەکە... پەسند ناکەن. یانیش لەم رووەوە بۆ نموونە لە تێگەیشتنی هاوبەشییەکەدا هێشتا کێشە هەیە.
رووداو: ئیلهام ئەحمەد پێشتر هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رۆژئاوای کوردستان بوو، بیستمان کە تۆ دەبیتە ئەندامی پەرلەمانی سووریا. بۆ ئەمە بڕیارت داوە؟
ئیلهام ئەحمەد: بڕیار هەیە، بەڵام مەسەلەی رێکارە پراکتیکییەکانن، یانی پێویستە لەلای سەرۆککۆمارەوە بڕوات.
رووداو: یانی دەبیتە پەرلەمانتار لە ماوەی داهاتوودا؟
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ.
رووداو: دەچینە نێو لیژنەکان؟
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ، راستە.
رووداو: لە چ لیژنەیەکدا دەبیت؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێمە لەسەر کاروباری دەرەوە قسەمان کردبوو، هەر بەو چوارچێوەیەدا دەڕوات.
رووداو: ماوەیەک نێوان ئێوە و ئەنەکەسە باش بوو، گفتوگۆ هەبوو، کۆبوونەوە هەبوو، کۆنفرانسێکی گەورەتان لە قامشلۆ کرد، دواتر هیچی نەما. ئایا پێکەوە کار دەکەن؟ هیچ پلانێکی کاری هاوبەش هەیە یانیش لە یەکدی دوورکەوتوونەتەوە؟
ئیلهام ئەحمەد: دەتوانم بڵێم، سڕبوونێک هەیە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کرا. کاری هاوبەش لەم چەند مانگەی دواییدا، ناتوانم بڵێم کە کاری هاوبەش هەیە.
رووداو: کێشەکە لە کوێدایە؟
ئیلهام ئەحمەد: وای بۆ دەچم کێشەکە هێشتا لە هەندێک خاڵدا بێت، واتە لە تێگەیشتن لەوەی کە کاری هاوبەش چۆن بەڕێوەدەچێت و هاوبەشییەکە چۆن دەبێت، لەوەدا کێشەیەکی جیدی هەیە. واتە بابەتەکە، بابەتی شێوازی نزیکبوونەوەیە لەوەی کە چۆن بەڕاستی ببینە هاوبەشی یەکدی لە بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆژەیەدا. لەسەر ئەمە هەندێک کێشە هەن. لە نوێنەراتیکردندا، بۆ نموونە، ئێمە دەمانویست لە بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگاکەدا، لە تیمی پارێزگاکەدا هەبین، بەڵام وەڵامێکی باشمان لەو کاتەدا وەرنەگرت. بەڵام پێویستە بڵێین ئەمە کۆتایی نییە، واتە دەکرێ لە داهاتوودا ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و پێویستە چارەسەر بکرێن.
رووداو: پەیوەندییەکانتان لە دەرەوە، وڵاتانی دراوسێ، بۆ نموونە تورکیا، هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا دروست بووە لە ئەنجامی ئەم پرۆسەی تێکەڵکردنەوە؟
ئیلهام ئەحمەد: ناتوانم بڵێم کە گۆڕانکارییەکی جیدی هەیە، بەڵام گفتوگۆ هەیە.
رووداو: باشە، پەیوەندییەکانی ئێوە و ئەمریکا، پەیوەندییەکانی ئێوە و ئەورووپا دوای هەڵوەشاندنەوە یانیش نەمانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دامەزراوەکانی هەسەدە ئێستا لە چ ئاستێکدان؟ ئێوە چۆن پێکەوە مامەڵە دەکەن؟
ئیلهام ئەحمەد: بە گشتی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بەردەوامن. بەدواداچوون بۆ تێکەڵکردنەکە دەکرێت، هەروەها کاتێک کێشەیەک لە شوێنێک هەبێت، رۆڵی خۆیان دەگێڕن بۆ ئەوەی چارەسەر بێت. هەروەها لەسەر ئارامیی سووریا و زامنکردنی مافەکانی کورد، لەم چوارچێوە گشتییەدا گفتوگۆکانمان وەک پێشتر هەن.
رووداو: نێوانی ئێوە و باشوور چۆنە؟
ئیلهام ئەحمەد: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ باشوور نەپچڕاون، بەپێچەوانەوە هەمیشە گفتوگۆ هەبووە و دەبینم باشتر دەبێت.
رووداو: من لەم ماوەیەی دواییدا دەبینم ئێوە زیاتر و زیاتر هاتووچۆتان هەیە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش ماوەیەک لە شام بوو. بەرێزیان دەتوانن رۆڵێکی چۆن بگێڕن؟ بۆ نموونە پەیوەندییەکانی بەڕێزیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع و لەگەڵ سووریا باشن و ئێوە چ داواکارییەکتان لێی هەیە؟
ئیلهام ئەحمەد: تاوەکو ئێستا رۆڵی خۆی گێڕاوە بە راستی، جێگەی سوپاسە. لەمەودواش، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی مەسەلەی تێكەڵکردن هێشتا تەواو نەبووە، هەندێک خاڵ هەن کە دەبینین بۆ نموونە کێشەن، پێویستە هەندێک هاوکاری هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییەی کە هەیە، دەتوانن باشتر هاوکار بن.
رووداو: زۆر کەس دەڵێن دوای ئەوەی بەڕێز مەزڵووم عەبدی پۆستی راوێژکاری وەرگرت، ئەو پۆستانەی کە کورد لە شامی وەردەگرن بەراورد بەو شەهیدانەی داویانە، بەراورد بەو دەسەڵاتەی کە پێشتر لە دەستیاندا بوو، زۆر بچووکن. بە راستی وایە؟
ئیلهام ئەحمەد: با ئەمە بڵێم، کە ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی ئێمە ئەوەیە کە گەلی خۆمان لەو ناوچانەدا جێگیر بکەین. واتە ئەگەر مافی ئەوان دەستەبەر بکەین، نوێنەرایەتیی کورد بە دادپەروەری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بکەین، بە ناسنامەی خۆیانەوە، نموونە دەستوور وا بێت، ئەو کاتە بەو مانایە دێت کە ئێمە گەلی خۆمان لەو شوێنانەدا و لەو پۆستانەدا بۆ میللەتی خۆمان بە شایستە زانیوە. بەڵام لەم قۆناخەدا، گێڕانی ئەم رۆڵانە گرنگە. لە لایەک بەرپرسیارێتیی سووریا لە ئەستۆ دەگرن، لە لایەکی دیکەشەوە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی دۆزی گەلەکەمان بەردەوام دەبێت، چونکە هێشتا گفتوگۆ و دانوستاندن پێویستە. هەر بۆیە، تا رادەیەک دەتوانرێت ئەو دەرفەتانە بەدیبهێنرێن.


