رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە (14ـی تشرینی یەكەمی 2026)، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە گوێندەلن (ویندی) گرین، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا کۆنسووڵی گشتیی ئەمریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستبەكاربوونی لە هەرێمی كوردستان نیشان دا و جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەكانی بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و واشنتن کردەوە. ویندی گرین ئاماژەی بەوەش دا کە وڵاتەكەی خۆی بە پشتیوانێكی سەرەكیی خەڵكی كوردستان دەزانێت، هەروەها رێزی تایبەتیان بۆ پێگەی سەرۆك بارزانی لە عێراق و ناوچەكە هەیە، و هیوای خواست هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بەردەوام بێت لە رۆڵگێڕان بۆ بەهێزكردنی سەقامگیریی ناوچەكە.
لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی کۆنسووڵی ئەمریكای كرد و سوپاسی وڵاتەکەی كرد کە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە. هاوکات دەستپێكردنەوەی كاروبارەكانی کۆنسووڵخانەی ئەمریكای بە هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكاندا لە قەڵەم دا.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا كردەوە.


