رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەبێت مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و پێشمەرگە بە یەکسانی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق دابین بکرێت. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 14-10-2026 بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. ئەنجوومەنی وەزیران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، لە تەوەری یەکەمدا تاوتوێی ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی لە رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کرا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکان، ئەنجوومەنی وەزیران تێبینی و نیگەرانییەکانی خۆی لەسەر هەندێک لە دەق و ئاراستە پێشنیارکراوەکان دەربڕی و جەختی لە پێویستیی رەچاوکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە". ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە بەگوێرەی رێژەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە 14.14٪ـە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 دیاری بکرێت. دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجومەنی وەزیران: مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەخانکراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکیی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی. ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهات و ئەنجامەکانی دانوستانەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵی 2027 خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران. لەم بارەیەوە، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەو دەق و پێشنیارانەی تا ئێستا خراونەتە ڕوو، پێشکەش کرد. دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکان، ئەنجومەنی وەزیران تێبینی و نیگەرانییەکانی خۆی لەسەر هەندێک لە دەق و ئاڕاستە پێشنیارکراوەکان دەربڕی و جەختی لە پێویستیی ڕەچاوکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە. ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی دانیشتووانی ساڵی 2024، بریتییە لە (14.14٪) و دەبێت ئەم ڕێژەیە، ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵیدا. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەرخانکراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکیی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی. ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستووری، کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی بپارێزێت و چارەسەرێکی هەمیشەیی و جێگیر و دادپەروەرانە بۆ کێشە داراییەکان دابین بکات. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە مەرجێک لە ماوەی (90) ڕۆژی کاردا، تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی. مەبەست لەم بڕیارە، ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکاران و هاندانیانە بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و زیادکردنی داهاتەکانی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە داهاتەکانی ئەم سندوقە، بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاردەهێنرێت.
کوردستان14-10-2026سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسووڵی ئەمریکا: پەلە لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت بکرێت