رووداو دیجیتاڵ ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی (دیداری مێری) رایگەیاند، ئەو بانگهێشتنامانەی لەلایەن دامەزراوەی مێری و بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ کۆنفرانسی تایبەت بە پرسی کورد دەکرێن، پێویستە لەسەر بنەمای گشتگیری و هاوسەنگی بن. ئەنەکەسە جەخت دەکاتەوە، دەبێ بانگهێشتنامەکان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کورد بەتایبەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی و پارت و هێزە سیاسییەکانی دیکە بگرێتەوە و نابێت بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو یان پەراوێزخەرانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکرێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسیی سەرەکی کە پێگەی خۆی هەیە و نوێنەرایەتیی خواستەکانی گەلەکەمان دەکات، پەیامی نەرێنی بۆ رای گشتیی کورد دەنێرێت و خزمەت بە یەکڕیزیی هەڵوێست و گفتوگۆی بەرپرسیارانە ناکات." ئەنەکەسە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئامانجی ئەو کۆنفرانسانە ئەکادیمی و زانستی بێت، ئەوا دەبێت بانگهێشتنامەکان گشتگیر و هاوسەنگ بن تاوەکو دەرفەت بۆ بینینی جیاواز و بۆچوونە جیاوازە کوردییەکان بڕەخسێت. ئەنەکەسە گوتی: "ئێمە پێزانینمان بۆ بایەخدانی (بارەگای بارزانی) بەم پرسە هەیە و ئەو پەرۆشییەیان بەرز دەنرخێنین بۆ راستکردنەوەی ئەم هەڵەیە. جەخت دەکەینەوە کە پرسی کورد گەورەترە لەوەی لە لایەنێکی بەتەنیا کورت بکرێتەوە، بۆیە خزمەتکردنی گەلەکەمان پێویستی بە رێزگرتن لە فرەژێیی سیاسی و دڵنیابوونەوەیە لە بەشداریکردنی هەمووان بەبێ پەراوێزخستن." دیداری مێری دووشەممە و سێشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ دوای تەواوبوونی دیدارەکە بارەگای بارزانی رایگەیاند: "لە دیدارێکی ئاوا گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان رەنگ بداتەوە."