رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا - کوردستان و ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا - سووریا کرد و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و راکێشانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، دەیڤد تەفوری، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا - کوردستان، بە ناوی شاندەکەوە "خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان" دەربڕی و کورتەیەکی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان و کۆماری سووریا خستەڕوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لەسەر "گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا" کردەوە. هەروەها تاوتوێی پەرەپێدانی جموجۆڵی بازرگانی و هاندانی چالاکیی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و "وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان" کرا.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر "دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی."
لە راگەیێدراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئامادەیی بۆ "پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە" دووپات کردەوە، بە مەبەستی "پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان."

