رووداو دیجیتاڵ ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەی (هەژماری من) گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 130 هەزار کەس. تەنیا 10 هەزار مووچەخۆر ماون خۆیان تۆمار بکەن. رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە رووداوی راگەیاند: "هەموو هەوڵەکان چڕکراونەتەوە، تاوەکو هەموو مووچەخۆران مووچەکانیان بە دیجیتاڵی وەربگرن، لەو چوارچێوەیەشدا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 130 هەزار کەس لە پڕۆژەی هەژماری من ناویان تۆمار کراوە". بەگوێرەی پڕۆژەی هەژماری من ئەم مانگە 1.02 ملیۆن سوودمەند مووچەکانیان راستەوخۆ لە رێی هەژماری منەوە وەرگرت. بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو: "زیاتر لە 98٪ـی مووچەخۆران خۆیان تۆمارکردووە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان تەنیا 10 هەزار و 300 کەس ماون تۆمار بکرێن". لەبارەی هۆکاری خۆتۆمارنەکردنی ئەو کەسانە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی دەڵێ، ئەو کەسانەی ماونەتەوە یاخود بیانین (ئەجنبی) یان قاسرن (خوار تەمەنی یاسایین)، ئێستاش کار لەسەر گرفتەکانیان دەکرێت و خەریکی چارەسەرکردنی دۆسیەکانیانن. بەپێی ئامارەکانی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە ملیۆنێک و 70 هەزار کارت گەڕاونەتەوە. 800 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە 200 شوێنی هەرێمی کوردستان دانراون. وەرگرتنی مووچە لە رێگەی هەژماری منەوە بەردەوام لە هەڵشکاندایە، بە جۆرێک لە مانگی حوزەیران 836 هەزار مووچەخۆر، لە تەممووز 922 هەزار، لە ئاب 1,001,000 و لە مانگی ئەیلوولیشدا 1,016,000 مووچەخۆر مووچەیان بە دیجیتاڵی وەرگرتووە. پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا، بە ئامانجی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و رێکخستنەوەی سیستمی دارایی لە هەرێمی کوردستان.