رووداو دیجیتاڵ خراپی رێگەی نێوان سنە - مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیی لەسەر ژیانی شۆفێران و سەرنشینان دروستکردووە، هاونیشتمانییانیش دەڵێن، رێگەکە بەهۆی زۆریی قوربانییانەوە بووەتە "رێگەی مەرگ". دانیشتووانی هەردوو شاری سنە و مەریوان گلەیی لە تێکچوونی ژێرخانی شەقامەکە دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، قیری رێگەکە بە تەواوی تێکچووە، پڕە لە چاڵ و چۆڵی، لە زۆربەی بەشەکانیشیدا هێڵکاری و هێماکانی هاتووچۆ نەماوە، ئەمەش وایکردووە رۆژانە رووداوی سەختی لێبکەوێتەوە. ئەم ناڕەزایەتییانەی هاونیشتمانییان لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2012ـەوە بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکان و بەرفراوانکردنی، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و چاککردنی رێگەکە دەستیپێکردووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک، هێشتا تەواو نەکراوە. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، دەسەڵاتداران هەر جارە و بە بیانوویەک تەواوکردنی پڕۆژەکە بۆ ساڵێکی تر دوادەخەن. شۆفێرانیش هۆکاری بەشێکی زۆری کارەساتەکانی هاتووچۆ بۆ ناستانداردیی رێگەکە دەگەڕێننەوە، هاوکات داواش لە شۆفێران دەکەن لەکاتی بەکارهێنانی ئەو رێگەیەدا زۆر وریا بن. رێگەی سنە - مەریوان یەکێکە لە رێگە سەرەکی و پڕ جووڵە بازرگانی و گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ساڵانە بەهۆی رووداوە دڵتەزێنەکانەوە گیانی سەدان هاونیشتمانی دەسەنێت.