رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کاراکردنی سیستەمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (کەرکووک، خانەقین، شنگال) رادەگەیێنێت.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەت، پرۆسەکە لە کاژێر 08:30ی بەیانیی سبەی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026 دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 12:00ی شەوی دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026 بەردەوام دەبێت، دەرچووان دەتوانن لە رێگەی وێبسایتی (regayzanko.com) فۆرمی وەرگرتن پڕبکەنەوە.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: "سەرجەم دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە ناویان لە نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتەکەمان تۆمارکراوە، دەتوانن هاوشێوەی دەرچووانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی زانکۆلاینەوە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان."
گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەمساڵی خوێندن 2,700 دەرچووی پۆلی 12ی ئەو ناوچانە مافی پێشکەشکردنیان هەیە و بە هەمان کۆدی خۆیان دەتوانن بچنە نێو سیستمەکە، جەختیشی کردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی تەکنیکی دەتوانن سەردانی نووسینگەی کەرکووکی وەزارەت بکەن تاوەکو رێنوێنییان پێبدرێت.
عەباس ئەکرەم روونیشیکردەوە کە ساڵانە دەرچووانی خوێندنی کوردی لەو ناوچانە بە هەمان مەرج و پێوەرەکانی هەرێمی کوردستان، کێبڕکێ لەسەر کورسییەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکاندا دەکەن.



