رووداو دیجیتاڵ لە گوندی بۆڵقامیشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بەشێک لە قوتابیان بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن، ناچارن هەموو رۆژێک بە بەلەم و کەڵەک، شەپۆلە بەهێزەکانی زێی بچووک ببڕن و خۆیان بگەیەننە قوتابخانە. بەختیار ئیسماعیل، هەموو بەیانییەک، منداڵەکانی، محەممەد، ئامەد و بینەر، بە بەلەم بە زێی بچووکدا دەپەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە قوتابخانەی گوندی بۆگدی دراوسێیان. محەممەد بەختیار، کە قوتابییە، دەڵێت: "ئەمساڵ ئاوی زێیەکە زۆرە و مەترسیمان لەسەرە." باوکی قوتابییەکانیش، بەختیار ئیسماعیل، باس لەوە دەکات کە "مەترسی زۆرە و نامانەوێت منداڵەکانمان لە خوێندن دابڕێن، شەش ساڵە ئەوە حاڵمانە." دوای پەڕینەوە لە زێیەکە، قوتابییەکان دەبێت لانیکەم 20 خولەکی دیکەش بە پێ بڕۆن تاوەکو دەگەنە پۆلەکانیان. ئامەد بەختیار، کە قوتابییەکی دیکەیە، دەڵێت: "دوای بەلەمەکە دەبێت 20 خولەک بە پێ بڕۆین، قوتابخانەکەمان دوورە." باران و لافاویش لە وەرزی پایز و زستاندا، مەترسییەکانیان زیاتر دەکات. رێگەی وشکانی گوندەکەش، کە حەوت کیلۆمەترە، بەهۆی خراپی و چاڵ و چۆڵییەوە، هیچی لە پەڕینەوە بە بەلەم کەمتر نییە لەڕووی سەختی و مەترسییەوە. نەوزاد بۆڵقامیشی، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە، دەڵێت: "رێگەی گوندەکەمان زۆر وێرانە." گوندی بۆڵقامیش، دەکەوێتە شارەدێی ئاغجەلەر و دانیشتووانەکەی، کە نزیکەی 15 ماڵ دەبن، لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک قوتابخانە و بنکەی تەندروستی بێبەشن، ئەمەش وایکردووە گوندەکە بەرەو چۆڵبوون بڕوات.
کوردستان15-10-2026دڵشاد شەهاب بۆ رووداو: بارەگای بارزانی ماڵی کوردانە و لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە رووی تێدەکرێت
کوردستان14-10-2026بەرپرسێکی UNHCR بۆ رووداو: پەنابەرانی سووریایی ناچار ناکرێن بگەڕێنەوە و عێراقیش مافی هاووڵاتیبوونیان پێنادات