رووداو دیجیتاڵ
تۆبی هاوەرد، یاریدەدەری نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی 280 هەزار پەنابەری سووریایی لە هەرێمی کوردستان دەژین، هاوکات دڵنیایی دەدات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەنابەرێک ناچار بە گەڕانەوە ناکات.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، یاریدەدەری نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دڵبخوین دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد.
هاوەرد ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵانی 2012 و 2013ـەوە نزیکەی 280 هەزار پەنابەری سووریا روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و تاوەکو ئێستاش تەنیا نزیکەی 10 هەزار کەسیان بە فەرمی گەڕاونەتەوە. سەبارەت بە خواستی گەڕانەوەشیان، گوتی: "حکومەتی سووریا دەیەوێت سەرەتا سەرنج بخاتە سەر ئاوارە ناوخۆییەکانی خۆی بە دروشمی 'هیچ کەمپێک، هیچ چادرێک'، بۆیە دەیانەوێت کەمێک چاوەڕێ بکەن تاوەکو توانای ئاوەدانکردنەوە و لەخۆگرتنیان دەبێت، ئینجا پەنابەران بگەڕێنەوە."
ئاسایشی ناوچەکە و دڵنیایی لە نەناردنەوەی زۆرەملێ
سەبارەت بە ئارامیی ناوچەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بۆ گەڕانەوەی پەنابەران، تۆبی هاوەرد رایگەیاند کە پار سەردانی حەسەکە و قامشلۆی کردووە؛ هەرچەندە کێشەی ئەمنی ماون، بەڵام گەشبینە بە داهاتوو، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دیداری مێری گوێی لە گوتەکانی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بووە لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکان.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران وەک ئەوەی لە هەندێک وڵاتی ئەورووپا دەکرێت، بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "دۆخەکە لێرە بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازە. لە کۆبوونەوەکانمدا لەگەڵ کاک رێبەر ئەحمەد و کاک سەفین دزەیی، زۆر بە روونی پێیان گوتووم کە تا پەنابەران بخوازن لێرە بمێننەوە، پێشوازییان لێ دەکرێت. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەو هەڵوێستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانین."
مافی هاووڵاتیبوون و کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان
هەرچەندە پەنابەران 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستانن، بەڵام عێراق رێگە نادات ببنە خاوەنی مافی هاووڵاتیبوون و پاسپۆرت. بۆیە هاوەرد روونیکردەوە کە کار دەکەن بۆ ئەوەی پەنابەران تێکەڵی کۆمەڵگە ببن، کار بکەن و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە وەربگرن بۆ ئەوەی پشت بە خۆیان ببەستن نەک کەمپەکان.
لەبارەی بڕانی هاوکارییە داراییەکانیشەوە، تۆبی هاوەرد ئاشکرای کرد کە قەیرانەکانی وەک کۆرۆنا و شەڕی ئۆکراینا وایان کردووە وڵاتانی بەخشەر پارەدارکردنی قەیرانە درێژخایەنەکان کەم بکەنەوە. هەروەها دەرفەتی نیشتەجێکردنەوە لە وڵاتی سێیەم (ئەورووپا و ئەمریکا) زۆر کەمتر بووەتەوە بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو و تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە.
رسووماتی 85 هەزار دیناریی پشکنینی خوێن
سەبارەت بەو 85 هەزار دینارەی کە بۆ پشکنینی خوێن لە پەنابەران وەردەگیرێت لە کاتی نوێکردنەوەی نشینگە (ئیقامە)، هاوەرد رایگەیاند: "ئاگاداری کێشەکەین و دەزانین بارگرانییەکی گەورەیە بۆ خێزانە پەنابەرەکان کە بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە دەرفەتی کاریان کەم بووەتەوە. بە رێزەوە داوامان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کردووە لەو بڕە پارەیە خۆش بن و لە گفتوگۆش بەردەوام دەبین بۆ لابردنی ئەو مەرجە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز هاوەرد، بەخێر بێیت.
تۆبی هاوەرد: (بە کوردیی کرمانجی) ئێڤار باش کاک دلبخوین، ئێڤار باش بینەرێن رووداوێ. کێفخوەشم ئیرۆ ئەز دگەل کاک دلبخوین دهەڤپەیڤم. سڵاڤ و رێز بۆ خەلکێ ئیراقێ و هەرێما کوردستانێ و گشت پەنابەران.
رووداو: بەخێربێی. دڵخۆش بووم، کوردییەکەت گەلەک باشە. سەیر کە چەند باشە! تۆ باش فێری کوردی بوویت. چەند ساڵە لەگەڵ کورد کار دەکەیت؟
تۆبی هاوەرد: لە 2019 تا 2021 لە عێراق لە پارێزگای نەینەوا کارم دەکرد، بەڵام لە مانگی ئاداری ئەمساڵ 2024ـەوە لێرەم لە کوردستان.
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ کورد باشە؟
تۆبی هاوەرد: پێموایە پەیوەندیی باشم لەگەڵ کورد هەیە.
رووداو: ژمارەی پەنابەرانی سووریایی لە هەرێمی کوردستان چەندە؟
تۆبی هاوەرد: سەبارەت بە پەنابەرانی سووریا، نزیکەی 280 هەزار پەنابەری سووریایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ساڵانی 2012 و 2013ـەوە لێرەن.
رووداو: دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ژمارەیەک پەنابەر گەڕانەوە سووریا. چەند کەس بوون؟
تۆبی هاوەرد: بەپێی تۆمارەکانی ئێمە لە UNHCR، نزیکەی 10 هەزار پەنابەری سووریایی تۆمارکراو گەڕاونەتەوە، هەرچەندە پێمانوایە رەنگە ئامارەکە کەمێک لەوەش بەرزتر بێت. زۆرینەی هەرە زۆریان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ماونەتەوە.
رووداو: هیچ پلانێکتان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی ئێرە بۆ سووریا؟
تۆبی هاوەرد: هەڵوێستی حکومەتی سووریا زۆر روون بووە. بۆ ئێستا و لە سەرەتای پرۆسەی گەڕانەوەدا دەیانەوێت سەرنج بخەنە سەر ئاوارە ناوخۆییەکانی نێو سووریا. سیاسەتێکیان هەیە پێی دەڵێن "هیچ کەمپ، هیچ چادر"، دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی هەموو ئاوارە ناوخۆییەکان دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان هەبێت، هەروەها کەمێک چاوەڕێ بکەن تاوەکو سووریا توانای لەخۆگرتن و وەرگرتنەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەبێت و ئینجا پەنابەری زیاتر وەربگرێت.
رووداو: ئایا سووریا بۆ گەڕانەوەی پەنابەران ئارامە؟
تۆبی هاوەرد: من پار لە رێکخراوێکی ناحکومی لە سووریا کارم دەکرد و سەردانی چەندین شوێنم کرد لەوانە حەسەکە و قامیشلۆ و چەندین شوێنی رۆژئاڤا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. دان بەوەدا دەنێم کە سووریا هێشتا هەندێک کێشەی ئەمنیی هەیە، بەڵام ئەوەی دەیبینم و دەیخوێنمەوە ئەوەیە لە ئاستی سیاسی و ئابووریدا دۆخەکە بەرەو گۆڕانکاری دەچێت. دوای 13 بۆ 14 ساڵ لە شەڕێکی تۆقێنەر، کاتی دەوێت تا سووریا سەرلەنوێ بنیاد بنرێتەوە، بەڵام من گەشبینم. دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا گوێم لە جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بوو لە دیداری مێری، گەشبینم بەوەی سووریا لەسەر رێگەیەکی راستە و هیواخوازم لە داهاتوودا هاوکاریی پەنابەری زیاتر بکەین بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان لە سووریا.
رووداو: ئەو پەنابەرانەی کە لێرەن لە هەرێمی کوردستان، دەتوانن دڵنیابن لەوەی ئێوە بە ناچاری نایاننێرنەوە سووریا؟ بۆیە ئەم پرسیارە دەکەم چونکە لە ئەورووپا و سکەندەناڤیا داوا لە پەنابەران دەکەن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان و دەڵێن پارەتان پێدەدەین، مافی مانەوەیان نادەنێ، یان بۆیان درێژ ناکەنەوە لە ئەورووپا. لێرە لە کوردستان داهاتووی پەنابەران چۆن دەبێت؟ ئایا هیچ بارێکی تایبەتیان پێدەدرێت؟
تۆبی هاوەرد: دۆخەکە لێرە بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازە لە ئەورووپا. لە هەموو کۆبوونەوەکانم لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاک رێبەر ئەحمەد، کاک سەفین دزەیی، هەموویان زۆر بە روونی رایانگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی پەنابەرانی سووریا بخوازن لێرە لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، پێشوازییان لێ دەکرێت. ئەمەش بنەمایەکی سەرەکیی UNHCRـە و ئێمە بە تەواوی پێشوازیی لێدەکەین و بە ناوی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانەوە زۆر سوپاسگوزاری ئەو هەموو هاوکاری و دیدگایەی حکومەتی هەرێمی کوردستانم لەم ماوە درێژەی ئاوارەییدا. هاوکات درک بەوەش دەکەم کە میوانداریکردنی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان بارگرانییەکی گەورەی ئابوورییە لەسەر حکومەتی هەرێم، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ بەردەوامیی پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتداران، لە هەمان کاتدا پەرە بە پشتبەخۆبەستنی پەنابەران بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن چاودێریی خۆیان بکەن، بەشداری لە ئابووریی خۆجێیی کوردستاندا بکەن و پارەی خزمەتگوزارییەکان بدەن.
رووداو: ئەو پەنابەرانەی لێرەن، فۆڕمی UNHCRیان هەیە. مانگێک و دوو مانگ نییە کە لێرەن، بەڵکو 15 ساڵە لێرەن. ئایا رەوایە دوای 15 ساڵ هێشتا هەر پەنابەر بن و بەدەستهێنانی مافی مانەوە چەندین ساڵ بخایەنێت؟ لە ئەورووپا، بۆ نموونە لە هۆڵەندا ئەگەر کەسێک چوار پێنج ساڵ کۆچبەر بێت، دەبێتە هۆڵەندی و پاسپۆرتی هۆڵەندی بەدەستدێنێت. لە ئەڵمانیا ئەمە شەش بۆ حەوت ساڵ دەخایەنێت. بەڵام لێرە 15 ساڵ تێدەپەڕن، هێشتا هەر پەنابەرن. واتە ئێوە ناتانەوێت بارێکی تایبەت بەم پەنابەرانە بدەن یان ببنە هاووڵاتیی عێراقی؟
تۆبی هاوەرد: هەر وڵاتێک خۆی بڕیار دەدات چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی پەنابەراندا بکات. ئێمە هیوادارین هەر وڵاتێک بەپێی پەیماننامەی پەنابەران هەنگاو بنێت. بەڵام ئەمە تەواو بەستراوەتەوە بە وڵاتەکەوە کە ئایا مافی موڵکداری یان لە کۆتاییدا مافی هاووڵاتیبوون دەبەخشێت یاخود نا. تا ئێستا عێراق رێگە بەمە نادات. بۆیە ئەرکی ئێمە ئەوەیە پێداویستییەکانیان دابین بکەین لە رێگەی وەڵامدانەوەی مرۆیی لە کاتی فریاگوزاری و کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی خۆجێیی بۆ ئەوەی پەنابەران لە ژیانێکی هاوشێوەی هاووڵاتییان نزیک ببنەوە؛ دەستیان بە قوتابخانە، تەندروستی و پاراستنی کۆمەڵایەتی رابگات و بتوانن کار بکەن و بەشدار بن لە ئابووری. لەبەر ئەوەی ئەو هاوکارییە مرۆییەی پێشتر بۆ دابینکردنی خەرجیی کەمپەکان هەمانبوو نەماوە، بۆیە جەخت لەسەر رەخساندنی دەرفەتی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دەکەینەوە تا ئەو کاتەی بڕیارێکی کەسیی سەخت دەدەن لەسەر گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
رووداو: پێشتر پەنابەران بەردەوام هاوکاریی داراییان وەردەگرت. من زۆر لەگەڵ پەنابەران قسەم کردووە و سەردانی هەموو کەمپەکانم کردووە. ئەوان دەڵێن، ئەم ماوەیە هیچ یارمەتییەکی داراییان پێ نەگەیشتووە. ئایا کێشەی داراییتان هەیە؟ بەخشەرەکانتان کێن؟ ئایا هیچ قەیرانێک هەیە؟
تۆبی هاوەرد: بە شێوەیەکی بنەڕەتی، کاک دلبخوین، دۆخی هاوکارییە مرۆییەکان لەسەر ئاستی جیهان گۆڕاوە و کەمی کردووە. ئەو ئاستەی بەخشین کە وڵاتانی بەخشەر پێشتر بۆ باری نائاسایی دەیانڕەخساند نەماوە، بەتایبەت بەخشەرە سەرەکییەکان دەڵێن نابێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن تێچووی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بدەن. دەبێت ئاراستەکە لە هاوکاریی مرۆیی کاتییەوە بگۆڕدرێت بۆ گەشەپێدان و هاندانی پەنابەران تاوەکو پشت بە خۆیان ببەستن. قەیرانە ئابوورییەکانی رۆژئاوای ئەورووپا، کۆرۆنا، شەڕی ئۆکراینا و گۆڕانی سیاسەتەکان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی پارەدارکردنی قەیرانە درێژخایەنەکان لەلایەن وڵاتانی بەخشەرەوە.
رووداو: چی لە بارەی پڕۆگرامی نیشتەجێکردن لە وڵاتی سێیەم؟ ئایا ئەو پڕۆگرامە ماوە؟
تۆبی هاوەرد: نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە پرۆگرامی نیشتەجێکردنەوە لە وڵاتی سێیەم، بەڵام ئەم پرۆگرامەش زۆر کەم بووەتەوە و دەرفەتەکان زۆر کەمترن لەچاو 10 بۆ 20 ساڵی رابردوو. ئاگاداری ئەو کێشانەن کە کۆچی بەکۆمەڵ بۆ وڵاتانی وەرگر دروستی کردووە. نیشتەجێکردنەوە ماف نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئارەزووی ئەو وڵاتەی پەنابەرەکە وەردەگرێت، هەرچەندە ئێمە وەک ئامرازێکی پاراستن بۆ ئەو کەسانە بەکاردێنین کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە.
رووداو: ئەو پەنابەرانەی دەچن بەڵگەنامەی نشینگە نوێ دەکەنەوە، دەبێت 85 هەزار دیناری عێراقی بدەن بۆ پشکنینی خوێن. ئەمە چۆن دەکرێت چارەسەر بکرێت؟ چونکە هەندێ لە خێزانە پەنابەرەکان گەورەن و حەوت بۆ هەشت ئەندامیان هەیە. ئێوە چۆن لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن؟
تۆبی هاوەرد: ئێمە تەواو ئاگاداری ئەم کێشەیەن. زۆر پەنابەر لەم بارەیەوە پەیوەندییان پێوە کردووین. هەڵوێستی ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، لە کاتێکدا رێز لە یاسا و رێنماییەکانیان دەگرین، بە رێزەوە داوامان لێکردوون لەم پشکنینە ناچارییەی (خوێن) خۆش بن بەهۆی ئەو بارگرانییە داراییە گەورەیەی لەسەر پەنابەران دروستی دەکات. لە گفتوگۆ بەردەوام دەبین تاوەکو ئەو مەرجە لاببرێت، بەڵام بێگومان ئەوە مافی دەوڵەت و لایەنی خانەخوێیە کە بڕیار لەسەر رێکارەکانی بدات.
رووداو: هیوادارم ئەم پرسە چارەسەر بکرێت. ئەمانە کۆی ئەو پرسیارانە بوون کە ویستم ئاراستەتان بکەم. خۆشحاڵ دەبین ئەگەر بتانەوێت شتێکی دیکە زیاد بکەن.
تۆبی هاوەرد: لەسەر پرسی 85 هەزار دینارەکە، بۆ زۆر کەس بارودۆخی ئابووری سەخت بووە؛ دەرفەتی کار کەم بووەتەوە و نرخی خۆراک بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە بەرز بووەتەوە. بە بۆچوونی ئێمە دەبێت پەنابەران لە رووی دەرفەتی کار و ژیانەوە بەهێز بکرێن لە کەمپەکانی بەحرکە، باسرمە، گەویلان، قۆشتەپە، دۆمیز، دارەشەکران و لەنێو شارەکانیشدا، بۆ ئەوەی بەشدار بن لە کۆمەڵگەدا، لە کاتێکدا ئێمە بەردەوام دەبین لە دابینکردنی پاراستن بۆ ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە.
رووداو: زۆر گرنگە. هیوادارم بەڕێز هاوەرد سەردانی ئەو پەنابەرانەی بکەی کە لە دەرەوەی کەمپەکانن و گوێبیستی داواکاری و کێشەکانیان بی.
تۆبی هاوەرد: بە دڵنیاییەوە. سەنتەری تۆمارکردنمان لە بەحرکە هەیە و بە بەردەوامی پێشوازی لە پەنابەرانی نێو کەمپ و دەرەوەی کەمپەکان دەکەین بۆ نوێکردنەوەی بەڵگەنامەکانیان، هەروەها هاوئاهەنگیی نزیکمان لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (JCCC) و ئاسایش هەیە.
رووداو: زۆر سوپاس.
تۆبی هاوەرد: (بە کوردی) گەلەک سوپاس، دەستخۆش.


