رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان قایمقامەکانی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و قەڵادزێ لە باشووری کوردستان، لەمەودوا هاتووچۆ لە دەروازەی کێلێ لەنێوان ئەو دوو شارەدا چوار کاژێر درێژ دەکرێتەوە.
بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی رێککەوتنمان لەمەودوا دەروازەی کێلێ لە کاژێر 08:00ـی بۆ 06:00ـی ئێوارە بۆ هاتووچۆ کراوە دەبێت".
بە گوتەی قایمقامی قەڵادزێ، پێشتر دەروازەی کێلێ رۆژانە کاژێر 08:00ـی بەیانی بۆ کاژێر 02:00ـی نیوەڕۆ کراوە بوو.
رێباز میرزایی، قایمقامی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: "هەم لای ئێمە و هەم لای هەرێمی کوردستان ویستی ئەوە هەبوو کە کاژێرەکانی کارکردن لە دەروازەکەە زیاد بکرێت".
بە گوتەی رێباز میرزایی، بە رەزامەندی ئەنجوومەنی پارێزگای ورمێ لە رۆژی شەممە 17-10-2026ـەوە درێژکردنەوەی کاتی هاتووچۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رێباز میرزایی گوتیشی: "بڕیارە هۆڵێک بۆ وەستانی گەشتیاران لە سنوورەکە دروست بکرێت، چونکە سنوورەکە هۆڵی نییە و گەشتیار ناچارن بە سەرما و گەرما لە دەرەوە بمێننەوە تاوەکو کارەکانیان رایی دەکرێت".
قایمقامی قەڵادزێ لەبارەی دروستکردنی هۆڵەوە بۆ گەشتیاران گوتی: "لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە هەموو شتێک هەیە و پێویست بە دروستکردنی هۆڵ نییە، ئەوەی باسکراوە ئەوان بۆ دیوی خۆیان دروستی دەکەن".
لەبارەی هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی تایبەت، بەکر بایز گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا بۆ رێگەی بازرگانی و گەشتیاری دەروازەکە کراوەیە و رێگە نادرێت هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بکرێت".
دەروازەی سنووریی کێلێ دەکەوێتە سەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، 18 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سەردەشت و 17 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری قەڵادزێوە دوورە.
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە؛ پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی؛ باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر. هەروەها دەروازەکانی کێلێ و سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە هەن، کە نێودەوڵەتی نین.



