رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە فەرمی ناوی بەربژێرەکانی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە وزارییەکانی پشکی خۆی لە کابینەی حکومەتی عەلی زەیدی راگەیاند.
د. دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردوە، ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکومەتی عەلی زەیدی و پڕکردنەوەی ئەو پۆستە وزارییانەی تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە، کۆببێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، بەربژێرە فەرمییەکانی پارتەکە بۆ شایستەکانی لە حکومەت بەم شێوەیە دیاریکراون:
د. فارس شێخ سدیق بریفکانی: بەربژێر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
رێباز محەممەد عەبدوڵڵا (رێباز حەملان): بەربژێر بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
لە کۆی ئەو 9 وەزارەتەی ماون: پێکهاتەی سوننە سێ وەزارەت، کورد یەک وەزارەت، کریستیان یەک وەزارەت و چوار وەزارەتەکەی دیکەش بەر لایەنەکانی شیعە دەکەون. یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکوەزیرانیش بۆ کورد و لەنێیویدا بۆ پارتیە.



