رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یۆنان، چووپێکی کۆچبەران بە هەشت سەرنشینی کوردەوە کەوتە ئاوەکەوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و دایک و باوکیان و سێ کەسی دیکەی کورد رزگار بوون.
رووداوەکە ئێوارەی چوارشەممە 14-10-2026 لە رووباری مەریچ لە تورکیا روویداوە. دایکی منداڵەکە لە تۆمارێکی دەنگییدا بە گریانەوە دەڵێت: "دەستبەسەرین و منداڵەکانم خنکان".
کۆچبەرەکان هەشت کەس بوون و ویستوویانە لە شاری ئەدیرنەی تورکیاوە خۆیان بگەیێننە یۆنان، کە خێزانێکی 5 کەسی (دایک و باوک و سێ منداڵەکەیان) و سێ گەنجی دیکە بوون، کە ئەوانیش خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران کە لەگەڵ دایکی منداڵەکان قسەی کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر سێ منداڵەکە کەوتبوونە ئاوەکەوە، یەکێکیان رزگار کرا و گەیێندرایە نەخۆشخانە، بەڵام لە نەخۆشخانە ئەویش گیانی لەدەستدا".
بە گوتەی ئەو ماڵباتەی هەرێمی کوردستان، بڕیار بووە تەنیا ئەوان بچنە سەر بەلەمە چووپەکە، بەڵام کاتێک ویستوویانە سەربکەون هەشت کەس دیکەشی بۆ زیاد کراوە. رەنج پشدەری دەڵێت: "ماڵباتەکە گوتوویانە ناچنە نێو بەلەمە چووپەکە، چونکە هەشت کەس هەڵناگرێت، بەڵام بە زۆر خرانەتە ناویەوە".
تاوەکو ئێستا تەرمی ئەو دوو منداڵەی دیکە نەدۆزراوەتەوە، ئەو چالاکڤانە داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەدەم داوای خێزانە کوردەکەوە بچن و هاوکاریان بن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان.
رەنج پشدەری گوتی: "رێکخراوەکانی تورکیام لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هەوڵی زیاتر پێویستە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان".
لەبارەی چارەنووسی دایک و باوکەکەوە رەنج پشدەری گوتی، لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانی تورکیاوە رزگار کراون و دواتر بۆ لێکۆڵینەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستەبەسەرکراون. هەروەها سێ گەنجەکەی دیکە "هەڵاتوون بۆ ئەوەی پۆلیس دەستبەسەریان نەکات".
پشدەری داوای لە هاونیشتمانییان کرد، کەس رێگەی ئەورووپا نەگرێتەبەر و ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان نەخەنە سەر مەترسییە و دەڵێت: "ئەو دایکە بە منی گوت منداڵەکانی بەبەرچاویەوە خنکاون و نەیتوانیوە هیچ بکات، ئەو تراژیدیایانە هی ئەوەن چیدیکە هیچ کەسێک ژیانی خۆی نەخاتە مەترسییەوە".
تەرمی یەکێک لە منداڵەکان ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی ئەدیرنەی تورکیایە.
وەستا رەزا، باپیری سێ منداڵەکەی سلێمانی بە دڵێکی پڕەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "کەس نازانێ ماون یان نەماون، داوا لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەم بێتە سەرخەت و هاوکاریمان بکات."
سامان، خاڵی سێ منداڵەکە لەکاتی رووداوەکە قسەی لەگەڵ دایک و باوکیان کردووە، وەکو ئاماژەی پێکرد، "ئەوان پێیان گوتم: توخوا فریامان بکەوە، هەرسێ منداڵەکەمان ئاو بردی.."

