رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسی کەرتی چوارەمی شارەوانیی کەرکووکی راگەیاند، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و سەرانەسەندن لە هاووڵاتییەک لە بەرامبەر رێگەدان بە دروستکردنی باڵەخانەیەکی بازرگانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای گەیشتنی زانیاری سەبارەت بەوەی ئەو بەرپرسە داوای بڕی شەش هەزار دۆلاری ئەمریکی و مۆبایلێکی ئایفۆن 18 پڕۆ ماکسی کردووە لە بەرامبەر رێگەپێدان بە هاووڵاتییەک بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەک لە ناوچەی شەقامی قودس و دروستنەکردنی ئاستەنگ بۆی، تیمێکی لێکۆڵینەوە لە کەرکووک پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر بۆسەیەکی بۆ تۆمەتبارەکە ناوەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە تۆمەتبار لە شوێنی وەرگرتنی بەرتیلەکە و لە کاتی وەرگرتنی بەشێک لە بڕە پارە دیاریکراوەکەدا دەستگیر کراوە، پرۆسەکە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983 جێبەجێ کراوە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبارەکە لەگەڵ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان و پەڕاوی لێکۆڵینەوە رادەستی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک بۆ کەیسەکانی دەستپاکی کراوە و بڕیاری راگرتنی لەسەر دراوە بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.

