رووداو دیجیتاڵ
ژینا ئەحمەدی، هونەرمەندی خەڵکی مەریوان و دامەزرێنەری (ماڵی مۆسیقای ژیلەمۆ)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026 ژینا ئەحمەدی، هونەرمەندی خەڵکی گوندی نگڵ و دانیشتووی شاری مەریوان لە ماڵەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەکردووە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و بڕیاری دادگە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هونەرمەندە و دەستگیریان کردووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، "ژینا ئەحمەدی، ئێستا لە بەندی ژنانی گرتووخانەی ناوەندیی سنەدا بەندکراوە و لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفونی و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە."
سەڕەرای بەدواداچوونی بەردەوامی کەسوکاری، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و تۆمەتەکانی ئەو هاونیشتمانییە بڵاونەکردووەتەوە.
ژینا ئەحمەدی، دامەزرێنەری (ماڵی مۆسیقای ژیلەمۆ)-یە کە لە کۆتاییەکانی ئابی 2022 لە شاری مەریوان کرایەوە و لە بواری مۆسیقا، گۆرانی، شێوەکاری و سینەما بۆ منداڵان چالاکە.
بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو رۆژی چوارشەممە، 14ی ئەم مانگە، لانیکەم 12 کەس لە شارەکانی سەقز، بۆکان، سەردەشت، بانە و کامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە حەوت کەسیان تەنیا لە شاری سەقز بوون.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش، لە ماوەی مانگی ئەیلوولدا لانیکەم 70 هاونیشتمانی لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە ژمارەیەکیان ژن، منداڵ، مامۆستا، هونەرمەند و رۆژنامەڤانن.


