رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانی لە شاری بۆکانی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە، رۆژی سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئیتڵاعاتی شاری بۆکان بە بێ پێشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و بڕیاری دادگە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیانووش محەممەدی، تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی بۆکان و دەستبەسەریان کردووە.
بە پێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئیتڵاعات، ماڵی کیانووش محەممەدییان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایلی ئەو هاونیشتمانییەدا گرتووە.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەر هەمان رۆژ هێزە ئەمنییەکان لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێکی دیکە و هاونیشتمانییەکی دیکەیان بە ناوی رەزا مەعرووفی ئەقدەم، تەمەن 58 ساڵ، خەڵکی نەغەدە و دانیشتووی بۆکان دەستگیر کردووە و بۆ شوێنی نادیاریان گواستووەتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە، سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکاریان، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لە بارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو دوو هاونیشتمانییە بڵاو نەکردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێزەکانی ئیتڵاعاتی شاری بۆکان هەڵیانکوتایە سەر گوندی گوێگجەلی لە ناوچەی ئاڵەشین و هاونیشتمانییەکیان بە ناوی بەهزاد ئیبراهیمپوور، تەمەن 19 ساڵ دەستبەسەر کرد.
بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی 45 رۆژی رابردوودا لانیکەم 82 کەس لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.


