رووداو دیجیتاڵ
سێ کەس لە ورمێ کە بۆ چاککردنەوەی (مزەخە)ـی ئاو چووبوونە نێو بیرێکەوە، بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ هەینی 16-10-2026، فەرزین رەزازادە، سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، سێ کەس لە دانیشتووانی گوندی قەرەحەسەنلووی سەر بە ناوەندی پارێزگاکە گیانیان لەدەستدا.
بەگوتەی فەرزین رەزازادە، کاتێک تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، ئاگادار کراونەتەوە کە کەسێک بۆ چاککردنەوەی (مزەخە)ـی ئاو چووەتە نێو بیرێکی قووڵەوە و بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینی پێویست، ژەهراوی بووە.
وەک بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای ورمێ گوتی، دوو لە دانیشتووانی گوندەکە، بۆ رزگارکردنی کەسی یەکەم چوونەتە نێو بیرەکەوە و ئەوانیش بەهۆی ژەهراوی بوونە و هەرسێکیان گیانیان لەدەستداوە.
تەرمی هەرسێ خنکاوەکان بۆ توێکاریی زیاتر گواستراوەتەوە دادپزیشکیی ناوەندی پارێزگای ورمێ.
فەرزین رەزازادە هۆشداری دەداتە خەڵک، بە هیچ شێوەیەک بەبێ هەبوونی ئامێری پێویست، نەچنە نێو بیری قووڵەوە، ''چونکە بەهۆی هەبوونی گازە ژەهراوییەکانەوە، رێژەی ئۆکسجین تێیاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت''.


