رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی پیرانشار کە بۆ کارکردن لە بەغدا بوو، بەهۆی شۆرتی کارەباوە گیانی لەدەستدا؛ کەسوکارەکەی دەڵێن، بڕیارە یەکشەممەی تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
دوێنێ پێنجشەممە 15-10-2026، هاونیشتمانییەکی خەڵکی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی (سوارە قوربانی) کە بۆ کارکردن لە بەغدا بوو، بەهۆی شۆرتی کارەباوە گیانی لەدەستدا.
یەکێک لە نزیکانی هاونیشتمانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سوارە تەمەنی 32 ساڵ بوو، بۆ کاری لەحیم چووەتە بەغدا، بەڵام لە ناوچەی (سیدیا)ـی شارەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە گیانی لەدەستداوە."
سوارە قوربانی باوکی دوو منداڵان بووە و زیاتر لە ساڵێک بوو لە بەغدا کاری دەکرد، وەک یەکێک لە نزیکانی دەڵێت، نزیکەی 15 رۆژ دەبوو لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە گەڕابووەوە سەر کار.
تاوەکو ئێستا تەرمی هاونیشتمانییەکە نەگەڕێندراوەتەوە پیرانشار. بەگوتەی کەسوکارەکەی، بڕیارە رۆژی یەکشەممە دادپزیشکیی بەغدا تەرمەکەیان رادەست بکاتەوە و دواتر لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئێرانەوە بگەڕێندرێتەوە.


