رووداو دیجیتاڵ دوای ئەوەی چەکدارانی داعش لە نزیک حەویجە ئەفسەرێک و سەربازێکی سوپای عێراقیان کوشت، سوپای عێراق بۆ ماوەی دوو رۆژە بۆردوومانی چڕی پێگەکانی ئەو رێکخراوە لە دۆڵی شای و دۆڵی زغەیتون دەکات. فەرماندەیەکی سوپای عێراق دەڵێت، ستراتیژیان لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن گۆڕیوە. دۆڵی شای لە سنووری حەویجە، بە ناوچەیەکی بەهێزی داعش دادەنرێت. دوای کوژرانی دوو چەکداریان، داعش لەم ناوچەیە بە بۆمبێکی چێندراو ئەفسەرێک و سەربازێکی سوپای عێراقی کوشت و دوو سەربازی دیکەشی بریندار کرد. حەمزە سوڵتان، فەرماندەی لیوای 45ی سوپای عێراق رایگەیاند، "لە قۆناخی بەرگرییەوە چووینەتە قۆناخی هێرشبردن و راوەدوونانی داعش. ئێستا تەنیا توانای چاندنی بۆمبیان هەیە بۆ رێگریکردن لە پێشڕەوییەکانمان." بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی سوپای عێراق، نزیکەی 80 چەکداری داعش لە دۆڵی شای و دۆڵی زغەیتون لە باشووری کەرکووک جموجۆڵیان هەیە. چەکدارانی داعش لەم سنوورە بە رۆژ خۆیان حەشاردەدەن و بە شەویش جموجۆڵ دەکەن. لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، دوو ئەفسەر، سێ سەرباز و پۆلیسێکیان بە بۆمبی چێندراو و چەکی نیشانشکێن کوشتووە. دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، جموجۆڵی داعش لە باشووری کەرکووک زیادی کردووە. لەبەرامبەردا، هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە و سەنگەرەکانی خۆی تۆکمە کردووە و پێشتریش زانیاریی لەسەر جموجۆڵەکانی داعش داوەتە هێزە عێراقییەکان. حەمە رێگر، فەرماندە لە فەرماندەیی کەرکووکی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، "پێشمەرگە ساز و ئامادەیە و چەکی باشی هەیە. بەراورد بە ساڵانی 2016 و 2017، ئێستا خاوەنی چەکی پێشکەوتووە و سەنگەرەکانی تۆکمەیە." بۆشاییەکی ئەمنی بە درێژایی زیاتر لە 570 کیلۆمەتر لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا هەیە، کە لە خانەقینەوە تاوەکو شنگال درێژدەبێتەوە و داعش لە بەشێک لەو ناوچانەدا مۆڵگە و هێزی هەیە.
کوردستان16-10-2026زیاتر لە 15 هەزار خاوەنكار لە لێخۆشبوونی سزای دواکەوتنی دەستەبەری كۆمەڵایەتی سوودمەند دەبن