رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، زیاتر لە 15 هەزار خاوەنکار لە بڕیاری لێخۆشبوونی 100٪ لە سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی تایبەت سوودمەند دەبن.
رۆژی هەینی 16ــی تشرینی یەکەمی 2026، مەریوان بەگۆك، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان بە رووداوی گوت: "بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوونی 100٪ لە سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی تایبەت، زیاتر لە 15 هەزار خاوەنکار لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
مەریوان بەکۆگ روونی کردەوە، "بەگوێرەی رێنماییەکان، پێویستە خاوەنکار مانگانە ٪17ـی مووچەی کرێکارەکان رادەستی سندووقی خانەنیشنیی بکات و ئەگەر پارەکە نەدات، سزایی دارایی دەچێتە سەر خاوەنکارەکە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نەدانی پارەی دەستبەری کۆمەڵایەتییەوە قەرزێکی زۆر لەسەر خاوەنکارەکان کۆبووەتەوە.
بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو سزایانە دەگرێتەوە کە بەهۆی نەدانی پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە تۆمارکراون، نەوەک لێخۆشبوون لە پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی".
سەبارەت بە وادەی دانەوەی قەرزەکان، مەریوان بەکۆگ گوتی: "خاوەنكاران دەتوانن لە 90 رۆژدا قەرزەكانیان بگەڕێننەوە ودوای تەواوبوونی ئەم وادەیە حكومەت لە رێگەی دادگەوە شایستە داراییەكان وەردەگرێتەوە.
بە گوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی دەستبەری کۆمەڵایەتی، زۆرترین خاوەنکار لە سلێمانی سوودمەن دەبن لە بڕیارەکە کە ژمارەیان 7 هەزار و 941 خاوەنكارە. شوێنەکانی دیکەش بەم شێوەیە:
-پارێزگای هەولێر 4 هەزار خاوەنکار.
-پارێزگای دهۆك 1600 خاوەنکار.
-پارێزگای هەڵەبجە 205 خاوەنکار.
-ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 908 خاوەنکار.
-ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 762 خاوەنکار.
-ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 82 خاوەنکار.
رۆژی چوارشەممە،14ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا "لەسەر داوای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رەزامەندی درا بە لێخۆشبوونی 100٪ی سزای دواکەوتنـی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت".


