رووداو دیجیتاڵ
تەرمی مێلا هەرێم ئەو کچە پێنج ساڵانەی لە رووباری سنووری نێوان تورکیا و یۆنان خنکا دۆزرایەوە، بەرپرسی ئافاد لە شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکە بە رووداوی راگەیاند، "یەکلایی بووەتەوە تەرمەکە (مێلا هەرێم)ـە".
پێشتر هەرێم محەممەد، باوکی ئەو سێ منداڵەی لە رووباری مەریچ لەسەر سنووری تورکیا و یۆنان خنکان چۆنێتیی گەشتەکەی لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا بۆ رووداو گێڕایەوە. ئەو دەڵێت، قاچاخچییەکە بە هەڕەشە ناچاری کردووە لەگەڵ 8 کەسی دیکەدا سواری بەلەمێکی بچووک ببن کە توانای هەڵگرتنی ئەو هەموو کەسەی نەبووە.
باوکی سێ منداڵەکە بە تەلەفۆن قسەی بۆ نمە نەبەز، بێژەری بووڵتەنی کۆڕۆژ-ی رووداو کرد و پەیامێکی بۆ خەڵک نارد و گوتی، "تکایە ئەوەندە ئازارمان مەدەن. من نەمزانی چارەنووسم ئاوا دەبێت. ویستم ژیانێکی باشتر بۆ منداڵەکانم دابین بکەم. جەرگم سووتاوە و وازمان لێ بێنن."
هەرێم محەممەد گەشتەکەی بەم شێوەیە گێڕایەوە، "من لە سلێمانییەوە بە فڕۆکە هاتم بۆ تورکیا و لەوێوە چوومە ئەدیرنە. قاچاخچییەکەمان ناوی رێکان بوو، خەڵکی هەولێر بوو، لەگەڵ رێبەرێک بەناوی سەرباز کە ئەویش خەڵکی هەولێر بوو."
لەبارەی چۆنێتیی وەرگەڕانی بەلەمەکە، هەرێم محەممەد گوتی، "هەر کە چووینە ناو ئاوەکەوە و دوو مەتر رۆیشتین، بەلەمەکە بەر دارێک کەوت و وەرگەڕا. کاتێک وەرگەڕا، هیچم نەبینی، نە منداڵ و نە کەسی دیکە. تەنیا توانیم خێزانم رزگار بکەم. رێبەرەکان کە مەلەیان دەزانی، خۆیان رزگار کرد و رایانکرد."
دوای رووداوەکە، هەرێم خۆی و خێزانەکەی دەگەیەنێتە بنکەیەکی پاسەوانی سنووری تورکیا و داوای یارمەتی دەکات. ئەو دەڵێت، "خۆم رادەستی پاسەوانی سنوور کرد و پێم گوتن، سێ منداڵم لە ئاودا خنکاون. ئەوانیش دەستبەجێ تیمی فریاگوزاری و ژێردەریاییان ئاگادار کردەوە."


