رووداو دیجیتاڵ
پژاک سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر چیای شاهۆ دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر سەرباز لە ناوچەکەدا جێگیر کراون؛ هۆشداریش دەدات: ''ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، وەڵامی پێویست دەدەینەوە''.
ئەمڕۆ شەممە 17-10-2026، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) راگەیێندراوێکی لەسەر ''بەردەوامیی بۆردوومانەکان''ـی سوپای پاسداران بۆ سەر چیای شاهۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جارێکی دیکە لەلایەن ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان، ''ئێمە پێشتریش رامانگەیاندبوو، لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا کە بکرێتە سەر گەل و هێزەکانمان، مافی بەرگریی رەوای خۆمان بەکاردەهێنین''.
بەپێی راگەیێندراوەکەی پژاک، لە سێ رۆژی رابردوودا، سوپای پاسداران بەردەوام بووە لە بۆردوومان و گواستنەوەی درۆن، چەکی قورس و کەرەستەی سەربازی بۆ ناوچەی شاهۆ، ''ئاشکرایە ئەوان لەسەر کردە و هێرشەکانیان دژی هێزەکانمان لەو ناوچەیە سوورن''.
پژاک هۆشداریش دەدات، ''ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، بەهێزەوە مافی بەرگریی رەوای خۆمان بەکاردەهێنین و وەڵامی پێویست دەدەینەوە''.
تاوەکو ئێستا سوپای پاسداران بە فەرمی ئەو هێرشانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
چیای شاهۆ بەرزترین ناوچەی شاخاوییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای کرماشان و سنە.
زنجیرە چیاکە بەهۆی سەختیی هەڵکەوتەکەی، ئەشکەوتە سروشتییەکان و بەرزاییەکانیەوە، لەلایەن پەژاکەوە وەک حەشارگەیەکی سەرەکی بەکاردەهێنرێت.
سوپای پاسداران بۆ بەرپەرچدانەوەی پژاک لە شاهۆ، لەسەر چەندین لووتکەی بەرز مۆڵگە و بنکەی سەربازی دروست کردووە و ناوە ناوە چیاکە بۆردوومان دەکات.

