رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج هاونیشتمانی بەهۆی دزەکردنی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون و بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کران. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شارەکە دەڵێ، هەر پێنج کەسەکە ئەندامی خێزانێکن و دۆخی تەندروستیان ئێستا جێگیرە.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، پەیمان رەزایی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی بۆکان رایگەیاند، رووداوەکە لە گەڕەکی نەساجیی شارەکە بووە و لە ئەنجامدا پێنج کەس کە هەموویان لە یەک خێزانن، بەهۆی دزەکردنی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە لە نێو ماڵەکەیان ژەهراوی بوون.
پەیمان رەزایی دەڵێ، دوای ئەوەی لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە، چەندین ئەمبولانس و تیمی فریاکەوتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە ناردووە و دوای فریاگوزارییە سەرەتاییەکان، هەر پێنج کەسەکە بە مەبەستی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکە کراون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی بۆکان، چارەسەرکردنی ئەو کەسانە لە نەخۆشخانە بەردەوامە و ئێستا دۆخی تەندروستیان جێگیرە.
شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەکەوێتە باشووری پارێزگاکە.
رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2026یش لە گوندی قەرەحەسەنلووی سەر بە شاری ورمێ، سێ هاونیشتمانی لە دانیشتوانی گوندەکە لە بیرێکی قووڵدا بەهۆی ژەهراویبوون و نەمانی ئۆکسیجنەوە گیانیان لەدەستدا.
