رووداو دیجیتاڵ
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشنیازێک دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیران تاوەکو کرێ و قیستی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە دینار وەربگیرێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، ئەو هاونیشتمانییانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە و مانگانە قیست دەدەن، زیانی داراییان کردووە، بەو پێیەی ناچارن قیستی مانگانەی یەکەکان بە دۆلار بدەن."
د.محەممەد شوکری گوتی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشنیازەکە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرز دەکەینەوە و تێیدا داوا دەکەین سەرجەم کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان ناچاربکرێن قیست و پارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە دینار وەربگرن."
سەرۆکی دەستەکە روونی کردەوە، بەشی زۆری هاونیشتمانییان مامەڵە بە دینارەوە دەکەن، بەڵام ئێستا ناچارن بچنە بازاڕ و دۆلار بکڕن تاوەکو قیستی یەکەکانیان بدەن؛ گوتیشی: "لە پێشنیازەکەدا داوا دەکەین بەهایەکی دیاریکراو دابنرێ و سەرجەم قیستەکان بەو بەهایە بدرێنەوە".
د. محەممەد شوکری گوتی: "دەمانەوێ ئەو بارگرانییەی بەهۆی دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار رووبەڕووی هاونیشتمانییان بووەتەوە کەم بکەینەوە".
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە دوو شێوە قیست لەسەر هاونیشتمانیان وەردەگرن، بە نموونە:
-بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە دۆلاری رۆژ قیستەکانیان وەرگرتووە، واتە لەگەڵ دابەزینی بەهای دینار لە بازارەکاندا لە هەر 100 دۆلارێک هاونیشتمانییان 10 بۆ 12 هەزار دینار زیاتر دەدەن.
گۆڕانکاری لە قیستەکان 400 دۆلار، بە نموونە:
پێشتر، 400 دۆلار دەیکردە 612 هەزار دینار
ئێستا، 400 دۆلار دەکاتە 668 هەزار دینار
-بەشێکی دیکە لە پڕۆژەکان بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق واتە 132 هەزار دینار قیستەکانیان وەرگرتووە، ئێستا بەهۆی دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و دیاریکردنی بە 152 هەزار دینار بۆ کۆمپانیاکان، هاونیشتمانییان لە هەر 100 دۆلارێکدا 20 هەزار بۆ 25 هەزار زیاتر پارە دەدەن.
گۆڕانکاری لە قیستەکان 400 دۆلار بە نموونە:
پێشتر، 400 دۆلار دەیکردە 520 هەزار دینار
ئێستا، 400 دۆلار دەکاتە 608 هەزار دینار
.jpg&w=3840&q=75)

