رووداو دیجیتاڵ
کەرتی فەرشی باکووری کوردستان و تورکیا لە 9 مانگدا بایی 2 ملیار و 17 ملیۆن دۆلار فەرشی فرۆشتووەتە 186 وڵات و هەرێم. ئەمریکا، سعودیە و بەریتانیا لە پێشەوەی لیستی کڕیارەکاندان.
بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، لە 9 مانگی رابردوودا، 391 ملیۆن و 984 هەزار مەتر چوارگۆشە فەرش هەناردە کراوە، کە داهاتەکەی گەیشتووەتە 2 ملیار و 17 ملیۆن و 127 هەزار دۆلار.
فەرشی دروستکراری کارگە پشکی شێری لە هەناردەکەدا بەرکەوتووە، کە بەهای هەناردەکەی 1 ملیار و 563 ملیۆن دۆلار بووە. دوای ئەویش فەرشی خوری بە 351 ملیۆن دۆلار و فەرشی دەستچن بە 92 ملیۆن دۆلار دێن.
.
ئەمریکا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەورەترین بازاڕن
لە رووی دابەشبوونی جوگرافییەوە، زۆرترین فەرش بۆ کیشوەری ئەمریکا هەناردە کراوە بایی 605 ملیۆن دۆلار. دوای ئەویش وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێن بە 515 ملیۆن دۆلار و وڵاتانی ئەورووپا بە 331 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەمدان.
لە رووی وڵاتانیشەوە، سێ گەورەترین کڕیار بریتی بوون لە:
1.ئەمریکا: 448 ملیۆن دۆلار (بە رێژەی 16.6% زیادیکردووە).
2.سعودییە: 181 ملیۆن دۆلار (بە رێژەی 9.4% زیادیکردووە).
3.بەریتانیا: 114 ملیۆن دۆلار (بە رێژەی 23.4% زیادیکردووە).
کێشەی گواستنەوە رێگرە لەبەردەم گەشەی زیاتر
ئیسکەندەر کاپلان، سەرۆکی دەستەی کەرتی فەرشی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا دەڵێ، سەرەڕای کێشە جیهانییەکان، کەرتەکە توانیویەتی ئاستی هەناردەی ساڵی رابردووی خۆی بپارێزێ، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجی گەشەی 15% بۆ 20% کە پلانی بۆ دانرابوو.
کاپلان هۆکارەکەی بۆ کێشەی بەدەستهێنانی مادەی خاو، شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و کێشەکانی گواستنەوە گەڕاندەوە.
سەرۆکی دەستەی کەرتی فەرشی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا گوتی: "تێچووی گواستنەوەی کۆنتێنەرێک بۆ وڵاتانی کەنداو وەک قەتەر، ئیمارات و کوێت لە 1500 دۆلارەوە بۆ 10 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە. هەروەها لە گواستنەوەی وشکانیشدا لەرێگەی سعودییەوە، کێشەی ڤیزای ترانزێت هەیە و چەندین بارهەڵگر لە سنوورەکاندا وەستاون."
ئامانجی سەرەتایی هەناردەی کەرتی فەرش لەو وڵاتە بۆ کۆتایی ساڵ 3.5 ملیار دۆلارە.
بەپێی ئاماری فەرمی، نزیکەی 90%ی بەرهەمهێنانی فەرشی دروستکراوی لە تورکیا لە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان بەرهەم دەهێندرێن، واتە لە هەر 10 فەرش کە لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە بەرهەم دەهێندرێن، 9یان لەو پارێزگایەیە.
لە پارێزگاکەدا نزیکەی 200 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فەرش هەن و ئەوەش پشکی گرنگی لە بەرهەمهێنانی فەرش لەسەر ئاستی جیهان هەیە.
لە ساڵی 2025ـدا لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیا، کۆی گشتی 570 ملیۆن و 827 هەزار مەتر چوارگۆشە فەرش هەەناردە کراوە و داهاتی 2 ملیار و 838 ملیۆن و 515 هەزار دۆلار بۆ ئابووری وڵاتەکە دابین کردووە.


.jpg&w=3840&q=75)