رووداو دیجیتاڵ
سەعدوون شانڵی، سەرۆکی شارەوانیی قەسرکێ لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، وازهێنانی خۆی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) راگەیاند، بەم هەنگاوەش جەهەپە دوایین شارەوانیی خۆی لەو پارێزگایە لەدەستدا.
سەعدوون شانڵی، کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2024ـدا لەسەر لیستی جەهەپە بووبە سەرۆکی شارەوانی، بڕیاری دا دەست لە پارتەکەی بکێشێتەوە و لەمەودوا بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەرکەکەی بەڕێوەببات. بە دەستلەکارکێشانەوەی شانڵی، جەهەپە هیچ شارەوانییەکی لە تەواوی پارێزگای شرنەخدا نەما و بە فەرمی "دوایین قەڵای" خۆی لەو شارە لەدەست دا.
سەبارەت بە هۆکاری جیابوونەوەی لە جەهەپە، شانڵی تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمیی نەداوە.
لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی وازهێنانی، دەنگۆیەکی زۆر لەبارەی ئەگەری پەیوەندیکردنی بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بڵاوبووەتەوە؛ لەوانەش باس لە کۆبوونەوەی نێوان شانڵی و هەریەک لە (ئارسڵان تاتار، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە شرنەخ) و (محەممەد یەرکا، سەرۆکی لقی شرنەخی ئاکپارتی) دەکرێت.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ی ئازاری 2024ـدا، سەعدوون شانڵی لەسەر لیستی جەهەپە 841 دەنگ (کە دەکاتە 50%ـی دەنگەکان)ی مسۆگەر کرد، لە بەرامبەردا بەربژێری ئاکپارتی محەممەد شانڵی توانیبووی 558 دەنگ (33.3%) بەدەستبهێنێت.


