رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کرێی تەکسی و گواستنەوەی گشتی بە رێژەی 20% زیادکرا.
رۆژی دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026، سیامەند ئەسراری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی شارەوانیی بانە رایگەیاند، زیادکردنی کرێی تەکسی و گواستنەوەی گشتی لەسەر پێشنیازی سەندیکای خاوەن تەکسییەکان و یەکێتیی تەکسییە تەلەفۆنییەکان بووە و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی شاری بانە و پەسندکردنی لەلایەن قایمقامی شارەکەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سیامەند ئەسراری گوتی، بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کرێی تەکسییە گشتی و کاتییەکانی نێو شاری بانە بۆ هەر کەسێک 20 هەزار تمەن (116 دینار) دیاریکراوە، هەروەها کرێی تەکسییە تایبەتەکان نێو شاریش بۆ 60 هەزار تمەن (350 دینار) زیادکراوە.
بە گوتەی بەرپرسەکەی شارەوانیی بانە، کرێی تەکسییە تەلەفۆنییەکان بۆ زۆربەی گەڕەکەکانی شارەکە بۆ 70 هەزار تمەن زیادکراوە؛ هەروەها کرێی تەکسییە تەلەفۆنییەکان بۆ گەڕەکە دوورەکان و شاری پیشەسازیی بانە، 80 هەزار تمەن دیاریکراوە.
ئەسراری دەشڵێت، نرخی کرێی تەکسیی تایبەت بۆ هەر کاژێریک، ئەگەر هیچ وەستانێکی تێدا نەبێت، 400 هەزار تمەن و ئەگەر وەستانی تێدا هەبێت، بە 300 هەزار تمەن دەستنیشان کراوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی سەر بە شارەوانیی بانە داوای لە شۆفێران کرد، بە تەواوی پابەندی نرخە پەسندکراوەکان بن؛ ئەوەشی خستەڕوو، هاونیشتمانیان دەتوانن لە ئەگەری بینینی هەر جۆرە سەرپێچییەک، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەن، بۆ ئەری رێکاری یاسایی لە بەرامبەر سەرپێچیکاراندا بگیرێتەبەر.


