رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ عەرەبە. ئەندامێکی پارێزگای کەرکووکیش لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێ: "بەگوێرەی رێککەوتنی سیاسی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، دەبێت لە سەرەتای ساڵی نوێوە ئەو پۆستە بدرێتە پێکهاتەی عەرەب".
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێکهاتەی تورکمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، محەممەد سەمعان پێی وایە تاوەکو ئێستا پارێزگاری کەرکووکە و لە ئەرکەکەی بەردەوامە و گوتی، راستە محەممەد سەمعان "بووەتە وەزیر و سوێندی دەستووریی خواردووە، بەڵام دەڵێت هێشتا مەرسوومی سەرۆکایەتیی کۆماری بۆ دەرنەچووە، بۆیە تاوەکو مەرسوومەکە دەردەچێت، لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت".
سێ کەس وەک بەربژێری بەرەی تورکمانی بۆ بوونە پارێزگار ناویان دەهێنرێت کە بریتین لە ماردین گۆگ کایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانیی عێراقی؛ قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی و ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی.
بەگوتەی ئەحمەد رەمزی، لەنێو تورکمانەکاندا چەند بۆچوونێک هەیە. یەکەم، پێشکێشکردنی بەربژێرێکی تورکمانە کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە، بۆ ئەوەی تاوەکو 31-12-2026 پۆستەکە بەڕێوەببات و دواتر رادەستی عەرەب بکرێ. بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێ، محەممەد سەمعان سەرەڕای وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەوڵەت، بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش رابسپێردرێ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، دواتریش پۆستەکە رادەستی پێکهاتەی عەرەب بکرێت؛ هەروەها بۆچوونێکی دیکە هەیە کە پۆستەکە هەر لە ئێستاوە رادەستی پێکهاتەی عەرەب بکرێ، چونکە ماوەیەکی کەمی ماوە.
رێبوار تەها: پارێزگارم بەوەکالەت
رۆژی یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بەڕێوەدەبات، تاوەکو کەسێکی دیکە دادەنرێ.
رۆژی 16ی نیسانی 2025، رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەممەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد. رۆژی 15ی ئەم مانگە، محەممەد سەمعان لە پەرلەمانی عێراق بە وەزیری دەوڵەت هەڵبژێردرا و سوێندی دەستووریی خوارد.
یەکێتی: پێکهاتەی تورکمان بەربژێری پێشکێش نەکردووە
لەبارەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا رێبوار تەها پۆستی پارێزگار بەوەکالەت بەڕێوەدەبات، هەروەها گوتی: "هەر کاتێک پێکهاتەی تورکمان بەربژێری خۆی پێشکێش بکات دەنگی پێدەدەین، بەگوێرەی رێککەوتنی سیاسیش بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، دەبێت لە سەرەتای ساڵی نوێوە ئەو پۆستە بدرێتە پێکهاتەی عەرەب".
پارتی: لە رووی یاساییەوە ناتوانێت وەزیر و پارێزگار بێت
لای خۆیەوە، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رووی یاساییەوە نابێت لە یەک کاتدا کەسێک پۆستی وەزیر و پارێزگاری پێکەوە هەبێت، بۆیە لەگەڵ خواردنی سوێندی دەستووری، محەممەد سەمعان بووەتە وەزیر و پارێزگار نامێنێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە سەرەتاوە لەگەڵ پرۆسەی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاردا نەبوون و بەشێک نەبوون لە رێککەوتنی دابەشکردنی پۆستەکان؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو ئێستا پێکهاتەی تورکمان بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان رانەگەیاندووە و بەربژێری دیکەیان پێشکێش نەکردووە، بۆیە فراکسیۆنەکەمان چاوەڕێی هەڵوێستی تورکمان دەکات و دواتر قسە و هەڵوێستی فەرمیی خۆی دەبێت".
عەرەب چاوەڕێی کۆتایی ساڵە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە
پێکهاتەی عەرەب چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی پۆستەکەن. رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێکهاتەی عەرەب بە رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی رێککەوتنی دابەشکردنی پۆستەکان، 31-12ی ئەم ساڵ دوایین وادەیە بۆ تورکمان و دەبێت دوای ئەوە پۆستەکە رادەستی پێکهاتەی عەرەب بکرێت".
سەبارەت بە دیاریکردنی بەربژێریش گوتی، رەعد ساڵح گوتی، تاوەکو ئێستا پێکهاتەی عەرەب بەربژێری خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە و لە کاتی گونجاودا پێشکێشی دەکات.
نەخشەی دابەشبوونی کورسییەکان و رێککەوتنی بەغدا
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێکدێ: کورد خاوەنی 7 کورسییە (5 کورسی یەکێتی و 2 کورسی پارتی)، پێکهاتەی عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی، هەروەها کورسییەکی کۆتای کریستیان کە نزیکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2024، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن دەستنیشان کران، کە لەلایەن بەشێکی ئەندامانی عەرەبەوە بریتی لە رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهیر عاسی پشتیوانییان لێکرا. رۆژی 16ی نیسانی 2025، رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەممەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد.

