رووداو دیجیتاڵ
عەبدولڕەحیم مەحموود، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکاری پارێزگای حەسەکە دەڵێ، هێشتا پارێزگاکە هیچ بودجەیەکی وەرنەگرتووە و هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە هێشتا پرۆسەی تێکەڵکردن تەواو نەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات شاندێک سەردانی دیمەشقی کردووە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی بودجەی پارێزگاکە.
عەبدولڕەحیم مەحموود لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، بەرپرسانی پارێزگاکە داوایان کردووە لە ئامادەکردنی پلانی بودجەی پارێزگاکەدا پێش نۆرەیی بدرێتە کەرتە زۆر پێویستەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، ئاو و کارەبا.
سەبارەت بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناسنامەی باری شارستانی، عەبدولڕەحیم مەحموود ئاماژەی بەوە دا کە ئامادەکاری هەن بۆ کردنەوەیان لە ژمارەیەک شاری پارێزگاکەدا، لەوانەش قامشلۆ، دێرک و سەرێ کانی.
بەڵام سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگاکە تاوەکو ئێستا لەو بوارەدا هیچ کارێکی نەکردووە.

