رووداو دیجیتاڵ لە گوندێکی سەر بە شاری جوانڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر نۆرەی ئاودێریی باخەکان شەڕە چەقۆ لەنێوان چەند باخدارێکدا روویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا کە بۆ ناوبژیوانی چووبووە شوێنی رووداوەکە. هاونیشتمانییەکی خەڵکی ناوچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026، لەسەر نۆرەی ئاودێری، دەمەقاڵێ و پاشان شەڕ لە نێوان ژمارەیەک باخداری گوندی 'کۆڵسە'ی سەر بە شاری جوانڕۆ دروستبوو." بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، کەسێک بە ناوی "عادل محەممەد مورادی" کاتێک هەوڵیداوە شەڕەکە هێور بکاتەوە و ناوبژیوانی لەنێوان لایەنەکاندا بکات، چەقۆی بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر نەکراوە، بەڵام پۆلیس لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی ناسینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستپێکردووە.