رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری لەبارەی هەوڵەکانی تایبەت بە هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق دەدات و دەڵێ، هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان و گەڕانەوە بەرەو ناوەند هەیە کە لەگەڵ دەستووری 2005 "ناگونجێ" و ئەوەش مەترسی بۆ سەر قەوارە و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، بە وردی باسی لە رەهەندە یاسایی و سیاسییەکانی پرسی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق کرد و رایگەیاند، هەرچەندە میکانیزمی هەموارکردنەوە لە دەستووردا دیاریکراوە، بەڵام هەلومەرجی سیاسیی ئێستای عێراق و نەبوونی رێککەوتنی سیاسی، ئەم پرسەی کردووەتە جێگەی مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی ئەشواق جاف، مادەی 142ی دەستوور کە تایبەتە بە قۆناخی گواستنەوە، رێگەی داوە لە چوار مانگدا لیژنەیەک بۆ هەموارکردنەوە پێکبهێندرێ و راسپاردەکانی بە یەک پاکێج پێشکێشی پەرلەمان بکات، دواتر بە زۆرینەی رەها دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسند بکرێ و لە دوو مانگدا بخرێتە گشتپرسییەوە. ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: "بەڵام لە قۆناخی گواستنەوە کە تەوافوقیش هەبوو، ئەوە نەکرا."
ئەشواق جاف ئاماژەی بە رەشنووسێکی هەموارکردنەوە کرد کە لە 2009 و لە کاتێکدا "تەوافوقی سیاسی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا هەبوو" ئامادەکرا. ئەو رەشنووسە، بە گوتەی ئەشواق جاف، چەندین خاڵی مەترسیداری لەخۆگرتبوو کە ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی کەمدەکردەوە.
ئەشواق جاف روونیکردەوە: "مادەی 65ی دەستوور باسی ئەنجوومەنی فیدراڵی دەکات کە ئەرکی پاراستنی مافی هەرێمەکان و پارێزگاکانە. ئێمە دووجار یاساکەمان هێناوەتە پەرلەمان، بەڵام پەسندنەکرا، چونکە لایەنەکانی دیکە ئەو داواکارییانەیان قبووڵ نەدەکرد کە دەبوو لەم یاسایەدا هەبن."
سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێستا و بانگەوازی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ئەشواق جاف گوتی، ئەو بە شێوەیەکی سەرەکی داوای هەموارکردنی مادەی 76 دەکات کە تایبەتە بە دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و هەمیشە لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەکاندا کێشە دروست دەکات.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دووپاتیکردەوە کە دوو میکانیزم بۆ هەموارکردنەوە هەن: مادەی 142 (بۆ قۆناخی گواستنەوە کە بە زۆرینەی رەها دەکرێ) و مادەی 126 (بۆ دۆخی ئاسایی کە پێویستی بە رەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانە). ئەشواق جاف گوتی: "مەترسییەکە لەوەدایە کە مادەی 142 بەکاربهێندرێ کە ئاسانترە. هەرچەندە لەو مادەیەدا هاتووە ئەگەر سێ پارێزگا دژی بووەستنەوە، هەموارەکە رەتدەکرێتەوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکە گەورەیە."
ئەشواق جاف هۆشداری دا و گوتی: "دەبێت ئێمەی کورد زۆر وریا بین. فەرهەنگێک هەیە بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵات و گەڕانەوە بەرەو ناوەند. ئەمەش ناگونجێت لەگەڵ دەستووری 2005. ئەو هەموارانەی کە لەوانەیە باسیان لێوە بکرێت، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دەسەڵات و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە دەبێت کورد هەمووی بەیەکەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت."


