رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزێت، سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک ناوچە نرخەکەی تاوەکو 150 دینار دابەزیوە؛ بەرپرسان و نوێنەرانی بەنزینخانەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک هۆکاری گۆڕانکارییەکان و دوایین نرخی جۆرەکانی بەنزین ئاشکرا دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەفتەی داهاتوو نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت، ئەمەش بەهۆی هەبوونی بڕی پێویست لە بازاڕەکاندا و کەمبوونەوەی خواست لەسەری."
سەبارەت بە نرخەکانی ئێستای بەنزین لە هەولێر، جەنگی مەجید گوتی: "ئێستا نرخی بەنزینی نۆرمال بە کۆ بە 1120 دینارە، موحەسەن بە 1850 دینار و سوپەریش بە 1950 دینارە."
هەروەها بەهمەن قادر، گوتەبێژ و نوێنەری بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "نرخەکان وەک خۆیانن و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ رووینەداوە؛ نۆرماڵی بازرگانی بە 1150 دینارە، موحەسەن بە 1750 دینار و سوپەر بە 1900 دینار."
هاوکات، هێمن حەمە عەلی، خاوەنی بەنزینخانە لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "چەند رۆژێکە نرخەکان بەراورد بە چەند هەفتەی رابردوو 150 دینار دابەزیون، بڕیاریشە لە هەفتەکانی داهاتوودا زیاتر داببەزن."
لەبارەی دۆخی بەنزین لە دهۆک، بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر لە هەولێر هەرزان بێت لای ئێمەش هەرزان دەبێت، چونکە بەنزین بۆ دهۆک لەوێوە دێت."
قایمقامی دهۆک دوایین نرخەکانی لە سنووری پارێزگاکە خستەڕوو و گوتی: "ئەمڕۆ نۆرمال بە 1250 دینارە، موحەسەن 1800 دینار و سووپەریش 1950 دینارە، بڕیاریش وایە نرخەکان هەرزان ببن."



