رووداو دیجیتاڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی فراکسیۆنەکانی دیکە دەکات بۆ هەنگاونان بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەی. رۆژی سێشەممە، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە دووەم ساڵیادی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "دووپاتی دەکەینەوە هەمیشە پابەندی کاراکردنەوەی پەرلەمان و گرێدانی کۆبوونەوەکانی بووین". فراکسیۆنی پارتی داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکە دەکات، "هەرچی زووە بە ئەرکە مێژوویی و یاساییەکەی خۆمان هەڵبستین بۆ هەنگاونان بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەی وەک سەرەتایەکی گرنگ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و بەدەنگەوەهاتنی داخوازیی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پەلەکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان". لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، "پابەندی خۆمان بە دەنگدەران و جەماوەری پارتی دووپاتدەکەینەوە و پێمانوایە ئەرکی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرژەوەندییە باڵاکانی لە ئەستۆی سەرجەم فراکسیۆن و ئەندامەکانی پەرلەمانە". فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: کاراکردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەکی حیزبییەوە چونکە ئەمە شەرعییەتی دەنگی خەڵک و شەرعییەتی مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە".