رووداو دیجیتاڵ لە هەنگاوێکی گەورەدا لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، هەردوو کۆمپانیای نەوتیی "شاماران" و "گەڵف کیستۆن" رێککەوتنی یەکگرتنی گشتگیریان واژۆ کرد بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار، هاوکات شاماران بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (HKN)ـی ئەمریکی رووی لە کێڵگەی نەوتی حەمرین لە ناوەڕاستی عێراق کرد. رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمپانیای نەوتی شاماران (Shamaran Petroleum) دوو پێشهاتی نوێی راگەیاند: یەکەمیان کڕینی 25٪ـی پشکەکانی کۆمپانیای (HKN Hamrin) و چوونە ناو کێڵگەی حەمرینە، دووەمیشیان یەکگرتنی تەواوەتی لەگەڵ گەڵف کیستۆن (Gulf Keystone Petroleum) بۆ دروستکردنی یەکێک لە 10 گەورەترین کۆمپانیا سەربەخۆکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر ئاستی ئەورووپا. وەبەرهێنان لە کێڵگەی حەمرین لە یەکەم هەنگاویدا بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، شاماران بووە خاوەنی 25٪ـی پشکەکانی کۆمپانیای (HKN Hamrin Ltd)، کە خاوەنی 10٪ـی گرێبەستی گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی کێڵگەی حەمرینە. یەدەگی نەوتی کێڵگەی حەمرین لە نێوان 500 ملیۆن بۆ یەک ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت. پلانەکە ئەوەیە بەرهەمهێنانی ئێستای کێڵگەکە لە 20 هەزار بەرمیلەوە بۆ 60 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تاوەکو ساڵی 2028 بەرزبکرێتەوە. تێچووی وەبەرهێنانی شاماران لەم کێڵگەیەدا بریتییە لە 35 ملیۆن دۆلاری سەرەتایی و 15 ملیۆن دۆلاری دیکە لە رەوتی نەختیی داهاتوو. بۆ دابینکردنی سەرمایەکەش، شاماران قەرزی نوێ تاوەکو ئاستی 200 ملیۆن دۆلار دەردەکات، کە بەشێکی بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیاکە بەکاردێت. یەکگرتنی شاماران و گەڵف کیستۆن بەپێی رێککەوتنەکە، هەردوو کۆمپانیاکە لە قەوارەیەکی یاساییدا یەکدەخرێن کە ناوی گەڵف کیستۆن دەمێنێتەوە، بەڵام بە پێکهاتە و هاوبەشییەکی نوێ. گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە: یەدەگ و بەرهەمهێنان: کۆمپانیا نوێیەکە چوار کێڵگەی ستراتیژیی (شێخان، ئەترووش، سەرسەنگ و حەمرین) بەڕێوەدەبات، بە کۆی یەدەگی سەلمێنراوی 323 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمهێنانی 53 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. بەهای بازاڕ و پشکەکان: بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەبێت؛ پشکەکانیش بە یەکسانی (50٪ بە 50٪) لە نێوان پشکدارانی ئێستای شاماران و گەڵف کیستۆن دابەش دەبن. سەرکردایەتیی نوێ: ویلیام لوندین، لە خێزانی لوندینی سویدی (کە دەبنە گەورەترین پشکدار بە 12.8٪) دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و جۆن هاریس وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار (CEO) بەردەوام دەبێت. بۆرسە: پشکەکانی کۆمپانیاکە لە بۆرسەی سەرەکیی ئۆسلۆ (نەرویج) لیست دەکرێن و بەپێی کات لە بۆرسەی لەندەن دەکشێندرێنەوە. بەپێی خشتەی کاتیی هەردوو کۆمپانیا، لە 1 و 2ـی کانوونی یەکەمی 2026 بەڵگەنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە و دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی ساڵی 2027، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی یاساییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی تێکەڵبوونەکە بە تەواوەتی کۆتایی بێت.
کوردستان20-10-2026فراکسیۆنی پارتی بۆ فراکسیۆنەکانی دیکە: بانگهێشتتان دەکەین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان