رووداو دیجیتاڵ جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، رووبەری دەریاچەی ورمێ بەراورد بە پار چوار هێندەیە، قەبارەی ئاوەکەشی 10 هێندە زیاترە. ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026، مەهدی رۆستەمی، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، "ئێستا رووبەری دەریاچەی ورمێ زیاتر لە هەزار و 478 کیلومەتری چوارگۆشەیە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پار رووبەری دەریاچەکە تەنیا 468 کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو. بەم شێوەیە بەراورد بە پار رووبەری دەریاچەکە چوار هێندە زیاترە." مەهدی رۆستەمی گوتی، قەبارەی ئاوی دەریاچەکە 2 ملیار و 520 ملیۆن مەتر سێجایە، کە ئەوەش 10 هێندەی پارە. جێگری پارێزگاری ورمێ دەشڵێت، ئاستی ئاوەکەش هەزار و 270 مەتر و 58 سانتیمەترە، کە بە بەراورد بە پار زیاتر لە یەک مەتر و 10 سانتیمەتر بەرزترە. رۆستەمی ئاماژەی بە پێشبینییەکان بۆ بارانبارینی ئەمساڵ کرد و رایگەیاند: "تەواوی هەوڵەکان خراونەتەگەڕ بۆ ئەوەی لە رێگەی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان لە کاتی خۆیدا، پاککردنەوەی رووبارەکان و پاراستنی ئەو رووبارانەی دەڕژێنە ناو دەریاچەکەوە، پڕۆسەی بووژانەوەی دەریاچەکە بەردەوام بێت." دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە کاتی پڕئاویدا بڕی ئاوەکەی دەگاتە زیاتر لە 32 ملیار مەتر سێجا و رووبەرەکەیشی زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە.